دوو باڵەکەی یەکێتی ڕێککەوتن
لەتیف نێروەی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "یەکێتی نیشتمانی كوردستان، شاندەکەی پێکھێناوە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامانجی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا شاندی یەكێتی ئامادەیە و ماوەتەوە كەی شاندەكەی پارتی سەردانی سلێمانی دەكەن".
نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ کوردستان24 گوتی: "پێمان باشە ھەرچی زووترە کۆبوونەکان لە شاری سلێمانی دەست پێبکەن، تاوەکو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان گرتووە قوڵترنەبنەوە".
پێشتر بزووتنەوەی گۆرانیش لەلایەن گوتەبیژەکەیەوە ڕایاندگەیاندبوو، ئامادەن پێشوازی لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بکەن.
لەبارەی دواكەوتنی كاتی ئامادەبوونی شاندی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە كوردستان24ی ڕاگەیاند: "یەكێتی ھەر لەسەرەتاوە دوای پەیامەكەی كاك مەسعوود بارزانی، ڕای گەیاند كە ئامادەین گفتوگۆ بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام ھەموو حزبێك ھەقی خۆیەتی بەر لە كۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر كۆبوونەوەی ناوخۆی بكات، بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونەكان وەربگیرێن".
سەردانەکانی شاندەکەی پارتی دوای پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت کە تێیدا دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان کردووە و زۆرینەی لایەنەکانیش پێشوازییان لەو دەستپێشخەرییە کردووە.
باسنيوز
