وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەمەودوا پێشینەی مانگانە لە وەزارەتی دارایی وەرناگرین
لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەربەخۆی دارایی، یەکەمین هەنگاوی بەو ئاڕاستە نا و، چی دیکە پێشینە (نسریە)ی مانگانە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری وەرناگرێ.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە: "لەسەر ئاستی زانکۆکانیش هەنگاوی گەورە نراوە بەتایبەت دوای پەسندکردنی پڕۆژەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆی دارایی زانکۆکان، کە بە بڕیاری ژمارە (٨٦) لە ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠١٦) لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەرکرا، دەسکەوتی گەورەی بۆ زانکۆکان بەدوای خویدا هێناوە، چونکە زانکۆکان لەڕووی داراییەوە پشت بەخۆیان دەبەستن."
دەقێ ڕاگەیەندراوەکە:
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەنگاوەکانی سەربەخۆی دارایی زانکۆکانی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکەوە دەست پێ کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوونکردنەوەی زیاتری لەو بارەیەوە داو گوتی: ڕێکەوتی (٢٩/١١/٢٠١٦) ، بە نووسراوی ژمارە (١٨٠٩٧)، بە ئیمزای د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز کراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەمەودوا چیتر دیوانی وەزارەت پێشینە (نسریە)ی مانگانە وەرناگرێ، بەڵکو پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێ بۆ ڕایکردنی کاروباری مانگانەی دیوانی وەزارەت.
وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە " لە (١/١٢/٢٠١٦)ەوە دیوانی وەزارەتەکەمان پێویستی بە تەمویلکردنی پێشینەی مانگانە نابێت لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەڵکوو دەیگەڕێنینەوە بۆ خزێنەی حکوومەت و، بۆ لەمەودواش لە داهاتی خۆمان خەرجیەکانی تەنها دیوانی وەزارەتەکەمان دابین دەکەین".
عەباس ئەکرەم ئەوەشی ڕاگەیاند لەسەر ئاستی زانکۆکانیش هەنگاوی گەورە نراوە بەتایبەت دوای پەسندکردنی پڕۆژەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆی دارایی زانکۆکان، کە بە بڕیاری ژمارە (٨٦) لە ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠١٦) لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرکرا، دەسکەوتی گەورەی بۆ زانکۆکان بەدوای خویدا هێناوە، چونکە زانکۆکان لە ڕوی داراییەوە پشت بەخۆیان دەبەستن و بۆ هەر جۆرە خەرجیەک بەتایبەت شایستە داراییەکانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ و هەر خەرجیەکی دیکە ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەلایەن زانکۆکانەوە خەرج دەکرێ، بێگومان ئەوەش پاڵپشتیەکەی گەورە دەبێ بۆ درێژەدان بەپرۆسەی خویندن و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان لەکاتی خۆیدا.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە هەنگاو و کارەکانی وەزارەت بەردەوام دەبێ بۆ سەربەخۆیی زیاتری زانکۆ و دەزگاو دامەزراوەکانی وەزارەت.
باسنیوز
