فراکسیۆنی پارتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکات

 فراکسیۆنی پارتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناکات
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات چاوخشاندنەوە بە دەقی پەسەندکراوی یاسای بودجەی گشتیی 2017ی عێراقدا بکرێت و بەپێچەوانەشەوە ناچار نین یاساکە جێبەجێ بکەن.



ئەمڕۆ دووشەممە 5\12\2016، حاکم سەرحان سێڵڤانەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند: ”فراکسیۆنی پارتی لەو بڕگانەی بودجە ڕازی نییە کە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێ دراوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری ناکەن.



هاوکات بەپێی ڕاگەیاندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژنامەی (خەبات)ی ئۆرگانی پارتیدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”ئەو دەقەی پێمان گەیشتووە و بۆ دەنگدان ئامادەکراوە، ڕەچاوی پێشنیارەکانی پڕۆژەکەی هەرێمی کوردستانی تێدا نەکراوە و تەواوی داواکارییەکانی کوتلە کوردستانییەکانی تێدا جێگە نەکراوەتەوە“.



هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا کە بە بەرواری 4\12\2016 بڵاو کراوەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، چاوخشاندنەوە بەم دەقانەدا بکرێت و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان و کوتلە کوردستانییەکانی تێدا جێگیر بکرێت، بە پێچەوانەشەوە ”هەرێمی کوردستان ناچاری جێبەجێکردنی نابێت“.







باسنیوز
Top