برای گەنجە كوژراوەكەی ئامێدی: پەكەكە دەست لە گیانمان هەڵناگرێ

برای گەنجە كوژراوەكەی ئامێدی: پەكەكە دەست لە گیانمان هەڵناگرێ
دوای ئەوەی دوێنێ چەکدارانی پەکەکە لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى بە دەستڕێژى گولـلە کەوتنە گیانى چەند گەنجێک کە بەمەبەستى راوکردنى ئاژەڵى کێوى سەردانى ناوچەکەیان کردبوو، بەو هۆیەوە گەنجێگ بەنێوى بەڕۆژ رەمەزان دانیشتووى گوندێکى سنوورى شارۆچکەکە کوژرا. برایەكی گەنجەكە دەڵێ پەكەكە دەست لە گیانمان هەڵناگرێ.


ئەمڕۆ یەكشەممە عەرەفات رەمەزان برا گەورەى بەڕۆژ رەمەزان، ئەو گەنجەى دوێنێ لەلایەن پەکەکەوە کوژرا، رایگەیاند "پەکەکە دەست لە گیانى ئێمە ناپارێزێ و بەردەوامە لە کوشتن و رفاندنى دانیشتووانى ناوچەکەمان".


عەرەفات دەشڵێ "پەکەکە شەڕ بە هاووڵاتییانى ناوچەکە دەفرۆشێ، کێشە دروست دەکەن و جەرگى دایک و باوکانمان دەسووتێنن".


براى ئەو گەنجە کوژراوەى دەست چەکدارانى پەکەکە بە چاوێکى پڕ لە گریانەوە دەڵێ "ئەو برایەمان بۆ گەشت و سەیران و راوکردن لە ماڵەوە دوور کەوتووەتەوە و چووەتە نێو چیا، کەچى پەکەکە داویانەتە بەر دەستڕێژى گولـلە، لەدوای کوشتنی، تەرمەکەشیان شێواندووە، دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى زۆرى دانیشتووانى گوند و پیاوماقوڵان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، توانیمان تەرمی شەهید بەڕۆژ رەمەزان گیزى بگەڕێنینەوە لەنێو گوندەکەمان بەخاکى بسپێرین، ئەگەر هەوڵى هەموو لایەک نەبووایە تەرمەکەمان دەست نەدەکەوت".


لەگەڵ سڕینەوەى فرمێسکەکانى چاوى گوتیشى "ناکرێت پەکەکە خۆى بە کورد دابنێت و کوردیش بکوژێت".


ئەو گەنجە کوژراوە ناوى ( بەڕۆژ رەمەزان گیزى ) بوو پێکەوە لەگەڵ چوار هاوڕێى دیکەی چوو بوون بۆ سەیران و راوکردن، بەڕۆژ کوژرا و چوارەکەی دیکە بە دیل گیران، دواى مانەوەیان بۆ چەندین سەعات ئەشکەنجەدان، رزگار کران، یەکێک لە رزگار بووان بە ناوى هۆشیار مەجید دەڵێ "پەکەکە بە هێرشێکى پارتیزانى هێرشى کردە سەر ئێمە و پلانى کوشتنى ئێمەى دارشتبوو، ئێمە هەرچەند هەوڵماندا خۆمان رزگار بکەین لە دەست پەکەکە، بەڵام ئێمەیان گولـلە باران کرد دواى کوشتنى یەکێکمان ئەوانەى دیکە دەستبەسەر کراین".


ئەو گەنجە رزگار بووەى ژێردەستی چەکدارانى پەکەکە دەڵێ "پەکەکە پیلانێکى تۆکمەیان دانابوو، لە هەوڵدابوون ئێمە کۆمەڵکوژ بکەن، دواتر بە داڕشتنى سیناریۆێک تورکیا تۆمەتبار بکەن بە کوشتنى ئێمە، بەڵام دواى ئەوەى لەلاى خەڵک و دانیشتووان ئاشکرا بوو کە ئێمە لەلایەن پەکەکە دەستگیرکراین، خۆشبەختانە ئێمە لە ژێر لوولەى تفەنگەکان رزگارمان بوو، بە داخەوە هاوڕێیەکمان لێ کوژرا".


گوتیشى: "داوا لە حکوومەتى هەرێمی کوردستان دەکەین سنوورێک بۆ هەڕەشەکانى پەکەکە دابنێت، چونکە بەڕاستى ژیانى ئێمەى هاووڵاتییان لە ئامێدى و دەوروبەرى رۆژ لە دواى رۆژ بەرەو مەترسیدارى نزیک دەبێتەوە، خەڵک و دانیشتووان لە ماڵەوە ئارام نین".
BAS NEWS-
Top