سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى: هه‌فته‌ى داهاتوو نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌كرێت
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێ هه‌فته‌ى داهاتوو نه‌وتى سپى به‌سه‌ر دانیشتوانى پارێزگاى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى دابه‌شده‌كرێت ئاماژه‌ش بۆئه‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق گفتوگۆیان كردووه بۆئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى نه‌وته‌كه زیادبكرێت.
ئازاد محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێكدا بۆ (باس‌نیوز) ڕایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى سامانه سرووشتیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى گفتوگۆى جدیمان كردووه بۆئه‌وه‌ى له ماوه‌یه‌كى نزیكدا نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌شبكرێت".
گوتیشى: " ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانى عێراق قسه‌م كردووه، بۆئه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئه‌و نه‌وته زیاد بكرێت كه بڕیاروایه له داهاتوویه‌كی نزیكدا بنێردرێت بۆ پارێزگاى سلێمانى".
ئاماژه‌ى بهئهوهشكرد كه چه‌ند ڕۆژێكى دیكه نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شده‌كرێت و شێوازى دابه‌شكردنى ئه‌و نه‌وته زۆر باشتر ده‌بێت له پێشووتر.
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى زیاتر گوتی: "ئه‌و نه‌وته‌ى بۆ هاووڵاتیان دابینكراوه نه‌وتێكى باشه و له‌ژێر كۆنتڕۆڵ و چاودێرى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانه هه‌روه‌ها كوالێتیی به‌رزه و هیچ گۆڕانكارییه‌كى تێدانه‌كراوه".
له‌گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى سه‌رمادا ته‌نیان له‌ناوچه كوێستانیه‌كانی پارێزگای سلێمانی نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شكراوه, به‌ڵام تائێستا دابهشتكردنى نه‌وتى سپى ناوه‌ندى پارێزگاى سلێمانى نه‌گرتوه‌ته‌وه. به‌گوێره‌ى قسه‌ى به‌رپرسانى پارێزگاى سلێمانى, كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شده‌كرێت.
له‌ناوچه‌كانی ڕانیه و قه‌ڵادزێ و ھه‌ورامان نه‌وت دابه‌شكراوه و دابه‌شكردنی نه‌وت له‌ناو شاری سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و ناوچه‌كانی تر به‌ستراوه‌ته‌وه به‌ناردنی ئه‌و نه‌وته‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ند ڕه‌وانه‌ی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
BAS NEWS-
