دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له كه‌مپی حه‌سه‌ن شام و خازر ده‌كرێته‌وه
به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رو پشكنینی ئه‌و ئاوارانه‌ی كه پێویستیان به‌چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و ده‌رمان هه‌یه، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له هه‌ردوو كه‌مپی خازر و حه‌سه‌ن شام له‌سنوری پارێزگای موسڵ ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له رێوڕه‌سمێكدا له كه‌مپی حه‌سه‌ن شام، به ئاماده‌بوونی د.عومه‌ر ئه‌لكنده‌ری قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له هه‌ولێرو شێخ عه‌زیز شێخ ره‌زا و مو‌سا ئه‌حمه‌د سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومی، دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له كه‌مپه‌كانی خازر و حه‌سه‌ن شام كه تایبه‌ته به چاره‌سه‌ر و پشكنینی ته‌ندروستی بۆ ئاواره‌كانی شاری موسڵ وده‌وروبه‌ری كرده‌وه.
له‌سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن د.عومه‌ر ئه‌لكه‌نده‌ری قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له هه‌رێمی كوردستان، وته‌یه‌كی پێشكهشكردو تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و كار‌و چالاكیه به‌رده‌وامانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاواره‌و خه‌ڵكانی لێقه‌وماوی كوردستان ئه‌نجامیده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌گرنگی كردنه‌وه‌ی دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی كرد كه له كه‌مپه‌كانی خازر و حه‌سه‌ن شام بۆ چاره‌سه‌ری ئاواره‌كان ده‌كرێنه‌وه، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كاری گه‌وره‌و پرۆژه‌ی پڕ بایه‌خمان جیبهجێكردوهو به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه مرۆیییه. قونسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جگه له كردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو بنكه ته‌ندروستیه، هاوكات پێشكه‌شكردنی دوو ئه‌مبۆڵانسی راگه‌یاند بۆ كاری گواستنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستیان به‌چاره‌سه‌ر هه‌یه له شاری هه‌ولێر و رایگه‌یاند: به‌رده‌وام ده‌بین له خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
پاشان له‌لایه‌ن مو‌سا ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه پوخته‌یه‌ك له‌باره‌ی كار‌و چالاكیه‌كانی ده‌زگا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت و رێكخراوه‌كانی ئه‌و وڵاته خرایه‌روو و رایگه‌یاند: زۆر سوپاسی ده‌وڵه‌تی كوێت ده‌كه‌ین كه ئه‌مڕۆ لێره ئاماده‌بون بۆ كردنه‌وه‌ی دوو بنكه‌ی ته‌ندروستی كه به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی دروستكراون و سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌و پێداویستیه ته‌ندروستیه‌كان ئاماده‌كراون و له پێشوازیی ئاواره‌كاندا شه‌و و رۆژ كراوه ده‌بن.
رایگه‌یاند: ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت و رێكخراوه‌كانی كوێتی له هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا چه‌ندین كاری گرنگ و هاوكاری پڕبایه‌خمان پێشكه‌ش به ئاواره‌و خه‌ڵكانی لێقه‌وماو له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت پرۆژه‌یه‌كی گرنگمان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه ئه‌ویش دابنیكردن و دابه‌شكردنی پارسێلی خۆراكه بۆ 50.000 خێزان له هه‌ردوو كه‌مپی خازر‌و حه‌سه‌ن شام، هاوكات بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه تازه ئازادكراون، دیسان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ده‌وڵه‌تی كوێت پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه ئه‌ویش دابینكردن و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری شاری موسڵ كه تازه ئازادكراون و خۆراك و پێداویستیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ین، كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا زیاتر له 10 گوند سه‌ر به شاره‌دێی نمرودو ده‌وروبه‌ری دابه‌شكردوه‌و له‌ئاینده‌ی نزیكدا له‌ناو شاره‌دێی نمرودیش ده‌ست به دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كان ده‌كه‌ین.
له‌باره‌ی گرنگی كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو بنكه‌ی ته‌ندروستی له كه‌مپه‌كانی خازر‌و حه‌سه‌ن شام، مو‌سا ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: كردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو بنكه‌یه كارئاسانی و بارگرانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر كه‌متر ده‌كاته‌وه‌و ئاواره‌كان له‌ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن پشكنین و چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ربگرن، هه‌روه‌ها ئه‌و بارگرانیه‌ش كه له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر هه‌یه كه‌متر ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: گله‌یی زۆرمان له حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقیش هه‌یه كه زۆر كه‌مته‌رخه‌من له گه‌یاندنی هاوكارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ئاواره‌كان، له‌ڕووی پێداویستیه خۆراكی و ته‌ندروستیه‌كانه‌وه كه‌مپه‌كانیان ئیهمال كردوه و پێویسته حكومه‌تی عێراق زیاتر بێنه سه‌ر خه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گیروگرفتی ئاواره‌كان.
هه‌ر له پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا، د. سامان به‌رزنجی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر وته‌یه‌كی پێشكهشكردو تیشكی خسته سه‌ر بارودۆخ و باری ته‌ندروستی ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و بارگرانیانه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروستیان كردوه‌و رایگه‌یاند: هاتنی ئاواره‌كان و ئه‌و خراپی بارودۆخی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم له‌م دوو ساڵه‌ی رابردوودا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی دروستكردوه، به‌تایبه‌تی هاتنی ئاواره‌كان كه به‌شێكیان پێویستیان به چاره‌سه‌ری به‌په‌له هه‌یه بۆ ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانمان له‌نێو كه‌مپه‌كان و هاوكات له‌ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان بۆ شاری هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان، وایكردوه بارگرانی و قورساییه‌كی زۆر له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی دروست بكات. له‌باره‌ی ئه‌و خۆراك و پێداویستیانه‌ی به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌نزیكه‌وه ئاگاداری دابه‌شكردنی پێداویستیهكانین به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا، هاوكات زۆر سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ین كه له‌ڕووی دابینكردنی ژه‌مه‌خواردنی گه‌رم به‌شێوه‌ی پاكوخاوێن و رێكوپێكه‌وه كارێكی گه‌وره‌و خزمه‌تێكی به‌رچاویان به ئاواره‌كان كردوه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتویی ئیداره‌كانی كه‌مپ و لێبورده‌یی و شاره‌زایی كادیرانی ئه‌م دهزگایهیهو ئومێدی سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
PAYAMNER-
