پشتگوێخستنی هەوكردنی میزڵدان مەترسی بۆ گورچیلە درووستدەكات
ئەنستیتۆی ئەڵمانی بۆ كواڵیتی و ئابووری لە كەرتی تەندروستی دەڵێ هۆكاری سەرەكی هەوكردنی میزڵدان بەكتریایە و زۆرینەی تووشبووانیش لە خانمانن، ئەویش چونكە میزەڕۆی خانمان بە بەرارود بە پیاوان كورتترە و بەكتریاكان ئاسانتر سەردەكەون بە ئاراستەی میزڵدان.
چارەسەری سەرەكی و بنەڕەتی نەخۆشییەكە دەرمانی دژە بەكتریایە، بەڵام دەبێ پزیشك بڕیار لە جۆر و ماوەی بەكارهێنانی دەرمانەكە بدات.
بۆ تاودانی چاكبوونەوەی حاڵەتەكەش، باشترە شلەمەنییەكان زۆرتر بخورێنەوە. تووشبووەكانیش راهاتوون كە بەچی حاڵەتەكەیان خراپتردەبێ یان دووبارە تووشدەبنەوە، بۆیە هەریەكەیان بە رێگەی خۆی خۆی دەپارێزێ.
مەترسییەكی هەوكردنی میزڵدان ئەوەیە بەكتریا تووشكەرەكان لە میزڵدانەوە سەر بكەون بەرەو گورچیلە. ئەوەش زۆرتر لەو كەسانە روودەدات كە سیستمی بەرگری جەستەیان لاوازە، یان پەككەوتنی گورچیلەیان هەیە.
ئەوانەی لە شوێنی گورچیلەیان ئازاریان هەیە، یان ئێڵنج و لەشداهێزران و تایان هەیە، باشترە راوێژ بە پزیشك بكەن، چونكە ئەوانە لە نیشانەكانی هەوكردنی بەشەكانی گورچیلەن.
RUDAW -
