نۆ ساڵ بەسەر شوێن بزرکردنی محەمەد سیاسیدا تێپەڕ دەبێت

 نۆ ساڵ بەسەر شوێن بزرکردنی محەمەد سیاسیدا تێپەڕ دەبێت
خوشکی ڕۆژنامەنووسێکی شوێن بزرکراو ئاشکرای کرد، تاکە سەرەداوی دۆسیەی شوێن بزرکردنی براکەی، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە و ئەو تۆمەتباری سەرەکی دەزانن.

ڕۆژی 3\12\2007، ڕۆژنامەنووس محەمەد سیاسی، دوای نانخواردنێکی دووقۆڵی لەگەڵ سۆران عومەر، پەرلەمانتاری ئێستای فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە چێشتخانەی (ئەبوشەهاب) لە شاری هەولێر، ون بوو و تاوەکوو ئێستاش کەس لەبارەی چارەنووسەکەی زانیاری نییە.

لەمبارەیەوە گوڵان حەسەن، خوشکی محەمەد سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، 9 ساڵ بەسەر دیارنەمانی محەمەد سیاسیدا تێدەپەڕێت و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، چارەنووسی دیاری بکرێت و کەیسەکە بە سیاسی نەکراوە. هاوکات دەڵێت: ”ئەو پەرلەمانتارە بێ بەڵگە تۆمەتمان بۆ دروست دەکات، ئێمە سوپاسی هەر لایەنیک دەکەین کە بیانەوێت یارمەتیمان بدەن، سۆران عومەری سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆمەتباری یەکەم دەزانین، تاکە سەرەداومان ئەوە“.

گوڵان حەسەن گلەیی ئەوەی لە سۆران عومەر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خراپ ناوی هێناون و بە سیناریۆ کردن تاوانباری کردوون. دەشڵێت: ”ئەو پەرلەمانتارە 9 ساڵە ئامادە نییە بێتە دادگا و پابەندی یاسا بێت، با هیچی تر لە دوورەوە دەهۆڵ نەکوتێ، ئەگەر ڕاست دەکات، بێ تاوانە دەستی نییە لە بزربوونی براکەم، بابێتە دادگا و جوابی بەڵگەکانمان بداتەوە، بابێت باسی ئەو تۆمارە دەنگییە بکات کە یەکێتی پێ تاوانبار دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە زۆنی سەوزە، ناوێرێت دەنگ بکات، نەکا لەوێش دەری بکەن“.

لە کۆتاییشدا خوشکی محەمەد سیاسی ئاشکرای کردووە: ”ئێمە بەڵگەمان هەیە کە سۆران عومەر، بەکرێگیراوە و نێردراوە بۆ لای براکەم، بۆیە بە ڕێگەی یاسایی بەردەوام دەبین“.

پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندبوو، هەر کەسێک قسە دەکات، دەبێت بەڵگەی هەبێت، ئەو خاتوونە چی بەڵگەیەکی لەسەر ئەو قسانەی هەیە با بیخاتە ڕوو. ئاماژەشی بەوە دابوو: ”من ڕۆژی ڕووداوەکە لە ساڵی 2007 لە هەولێر میوانی محەمەد سیاسی بووم، بەیەکەوە نانمان خواردووە و دواتر خواحافیزیمان لەیەکتر کردووە، لەو کاتەوە باس نەکراوە، هیوادارم ئێستا بە هۆکاری سیاسی ئەم بابەتە لە دژی من باس نەکرێت“.

لە ماوەی ڕابردوودا، عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاندووە، داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە، سۆران عومەر بۆ دادگا بنێرن، بەڵام “ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵ ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم دادگا”. گوتیشی: “ئێستاش چەندین داوای دیکەی لەسەرە، بەڵام نایەوێت بچێتە بەردەم دادگا”.














باسنیوز
Top