دەستەی گەشتوگوزار و پەروەردە لەسەر چەند خاڵێك ڕێك دەكەون

 دەستەی گەشتوگوزار و پەروەردە لەسەر چەند خاڵێك ڕێك دەكەون
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەڕێوەبەر لە هەردوولا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەی گەشتیاریی هەولێر، بەرێوە چوو.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە 4/12/2016 كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردە، لە دەستەی گەشتوگوزار، بە سەرپەرشتیی مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و ئەحمەد گەل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردە و ئامادەبوونی ژمارەیەك بەڕێوەبەر لە هەردوولا، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەی گەشتیاری هەولێر بەرێوە چوو".

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئەوەشی خستەڕوو: "لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا لەسەر ژمارەیەك خاڵ بۆ پەرەپێدانی خوێندنی ئامادەیی پیشەی گەشتیاری و ئایندەی دەرچوانی ئامادییەكانی گەشتیاری لە هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و دهۆك لەبارەی شێوازی خوێندن، دابینكردنی پێداویستی، میلاك و خزمەتكردن بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار ڕێك کەوتن".

گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەكی هاوبەش دروست كرا و بەدواداچوون بۆ خاڵەكانی ڕێكکەوتن دەكرێت".

ئامادەی پیشەی گەشتیاری هەولێر، ئەمساڵ یەكەم خوڵی دەرچواند و بەشێكیان لەلایەن زانكۆ و پەیمانگەكانەوە وەرگیرانەوە.













باسنیوز
Top