بارزانی دیارییەک وەکو یادگاریی دەداتە نوێنەری باراک ئۆباما

بارزانی دیارییەک وەکو یادگاریی دەداتە نوێنەری باراک ئۆباما
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان دیارییەک وەک یادگاریی دەداتە نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا.

رۆژی یەکشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی2016، برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دوو وێنەی کۆبوونەوە ”گرنگ“ـەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.
برێت مەکگۆرک مەسعود بارزانی بە ”هاوڕێی نزیک“ و پێشمەرگە ناوبردووە و رایگەیاندووە، ”بە شانازییەوە دیارییەکم وەک یادگاریی لەلایەن پێشمەرگەوە بە بۆنەی رزگارکردنەوەی ناوچە مەسیحی‌نشینەکانی نزیک مووسڵ، وەرگرت“.

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەموو ناوچە مەسیحی‌نشینەکانی پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە.

رۆژی شەممە 3ـی کانوونی یەکەم، مەسعود بارزانی و برێت مەکگۆرک کۆبوونەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی داعشیان کرد.

نوێنەری تایبەتیی باراک ئۆباما سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، کە سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعشی کرد و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەشی لە بارزانی کرد.
لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top