وەزیری پەروەردە بڕیاری تۆمارکردنی ئامادەنەبوونی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی دەردەکات
بەپێی نووسراوی ژمارە (433)ی وەزارەتی پەروەردە کە لە بەرواری 1\12\2016 بە واژۆی پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە دەرکراوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”پاش پەککەوتنی دوو مانگ خوێندنی فەرمیی قوتابخانەکانی سنوورتان (پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان) و بێبەشبوونی زیاتر لە 750 هەزار قوتابی لە پرۆسەی خوێندن کە قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە، بە تایبەت تاقیکردنەوە گشتییەکانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی، دەبوو بۆ ڕزگارکردنی پرۆسە چەقبەستووەکە لە بەرواری 1\12\2016 دەوامی فەرمی دەستی پێ کردبایەوە“.
جەختیش لەوە کراوەتەوە: ”وەزارەت پشتگیری داخوازی و مافە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات و هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ باشترکردنی گوزەرانیان. ئێستاش دەکرێت ئەو داخوازییانە بەردەوام بن و قوتابی و خوێندکارانیش لە خوێندن بێبەش نەبن و دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان دەست پێ بکاتەوە“.
هەر لەو نووسراوەدا وەزیری پەروەردە ڕوونی کردووەتەوە: ”بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقی ناچارمان دەکات، ئامادەنەبوونی مامۆستایان (غیابات) تۆمار بکرێت و هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک پابەندی دەوامی فەرمیی خۆی نەبێت، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر“.
بەو هۆیەشەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیارانی بۆ تۆمارکردنی ئامادەنەبوونی مامۆستایان و فەرمانبەران و جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان ڕاسپاردووە.
لە 1\10\2016ەوە، خوێندن لە سنووری پەروەردەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستی پێ کردووە، بەڵام مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی بەهۆی نیگەرانییان لە دواکەوتنی مووچە و سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، تاوەکوو ئێستا بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە.
باسنيوز
