ئێمینکی، پێشوازی لە بنەماڵەی شەهید دکتۆر سلێمان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥/١١/٢٠١٦ (د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە برای شەهید دكتۆر سلێمان و هاوژینەكەی كرد، وەكو نوێنەرانی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو.
لە دیدارێكدا كە ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادەیبوون، (د.جەعفەر ئێمینكی) بەناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و گەلی كوردستانەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید (د.سلێمان) كرد و سەبر و بەرگەگرتنیان بەرانبەر لەدەستدانی ئەم پیاوە چاونەترس و فیداكار و لەخۆبردوو، بەرزنرخاند و گوتی:" شەهیدبوونی دكتۆر سلێمان وەكو پێشمەرگەیەكی خۆبەخش و پسپۆر لە بواری هەڵگرتنی مین و تەقەمەنیدا لە شەڕی دژی تیرۆردا، شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێوە و ئێمە و گەلی كوردستان بەگشتی و هەر ئاشتیخوازێك لە سەرتاسەری جیهان، لەهەمان كاتیشدا لە دەستدانی ئەم زاتە، كە گیانی خۆی لە پێناو پاراستنی خاك و ئازادی كوردستان و دۆزی ڕەوای نەتەوەكەی بەخشیوە، خەسارەتێكی گەورەیە، بەڵام جێگای شانازیشە بۆ هەموومان كە دكتۆر سلێمان بووە بە سیمبولی تێكۆشان و بەرخۆدان و نموونەی وەفا و دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەری لە سەرتاسەری كوردستان، كە هەمیشە لەیاد ناكرێت.
لە بەرانبەردا نوێنەری بنەماڵەی شەهید دكتۆر سلێمان سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرد بۆ ئەم رێزلێنانە و وتی:" كوردستان وڵاتی هەموومانە و بەرگریكردن لە خاك ونیشتیمان ئەركێكی پیرۆزە و (د.سلێمان) هەموو ژیانی لەپێناو ئەم ئەركە تەرخانكردبوو".
لە كۆتاییدا، وەكو رێزگرتن بۆ خەباتی ئەم بنەماڵەیە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان لۆگۆی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سوپاس و پێزانینی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە بنەماڵەكە كرد.
pdk-
