"گۆڕان یاری بە کارتێکی سووتاو دەکات"
(ئارامی شێخ محەمەد)، وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵێنی بە خۆپیشاندەران داوە، کە راستەوخۆ بەغدا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بکات لەبەرانبەردا (نەجات حهسهن)، ئەندامی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەو پێشنیازە هی نەوشیروان مستەفا و جەماعەتیکن کە لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندان، چونکە ناتوانن لەگەڵ سیاسەتی هەرێمی کوردستان خۆیان بگونجێنن دێن شتێک پێشکەش دەکەن کە خۆشیان دواجار قوربانی ئەوەبوون.
دەیشڵێ، "بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت سوود لە دەنگی نارەزایی شەقام وەربگرێت و بەهەلی دەزانێت کە مەرامی سیاسی خۆی تێکەڵ بکات کاتێکدا هەموو دنیا شایەتی ئەوە دەدات عێراق پابەند نەبووە بە رێککەوتنی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئێستا ئەوان دەیانەوێت بەغدا رازی بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و هەرێم وەک پارێزگایەکی دیکەی عێراق بچوێنن، ئەگەر هاتوو ئەوەش کرا جگە لە گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا و فرۆشتنی وڵات هیچ دیکە چاوەڕوان ناکرێت".
گوتیشی: "(نەوشیروان مستەفا) لەماوەی رابردوودا زۆر کارتی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی دژایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستانی پێبکات وەک کودەتای 19ی ئاب و 23 حوزەیران دواتر هاندانی خەڵک لە دژی دامەزراوەکانی حکوومەتدا و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کاری حکوومەت، دواجار پڕۆژەی گەرانەوەی پارێزگاکان بۆ بەغدا، بەڵام هیچ یەکێک لەو تاقی کردنەوانە سەرکەوتوو نەبوو، چونکە خەڵک لە مەرامەکەیان گەیشتووە".
هاوکات، (د.مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەداری کورد بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:، هیچ هەوڵێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەبێ رەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرناگرێت، چونکە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێوەندیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا زۆر باشە و ناچێتە بەرەی دژایەتیی پارتی.
ئاماژەیشی دا: "گەڕانەوە بۆ بەغدا و مامەڵەکردنی وەک پارێزگا لەگەڵ هەرێمدا بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاستەمە، چونکە دامەزراوەیی فەرمی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەی فەرمی دەکات دواتر ئێستا رێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە ناکرێت ئەوەی گۆڕان داوای دەکات جێبەجێ بکرێت.
(د.مەحموود عوسمان) راشیگەیاند کە: "داوا لە هێزو لایەنە سیاسییەکان دەکەم بگەڕێنەوە بۆ مەنتقی گفتووگۆ، چونکە بەغدا هەڵوێستی ڕوونە کە نایەوێت بەبێ بەرانبەر هیچ شتێک رادەستی هەرێمی کوردستان بکات".
(د.ئەردەڵان نورەدین)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بزووتنەوەی گۆڕان، کارتێکی سیاسی ھەیە، دەیەوێت بە ڕێگای گەڕانەوە بۆ بەغدا بەکاری بھێنێت، ناڕەزای فەرمانبەران و قەیرانی دارایی قۆستووەتەوە، بۆیە پێشنیازی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بکات، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەت دەکرێتەوە و قەبووڵکراو نییە، ئەوەش لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە دژایەتی فەرمانبەرانی کوردستان بکەین، بەڵکو شاری سلێمانی و سەرجەم شارەکانی دیکە، بەشێکن لە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بۆی نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتن ئەنجام بدات".
گوتیشی: "لە دەستووردا ھیچ دەقێک نییە باس لەوە بکات بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەک بکات، دواتر لەبەرانبەر چیدا مامەڵە بکات؟ یان مووچەی فەرمانبەران بنێرێت؟ لەبەر ئەوەی نەوتیان ڕادەست دەکەن؟ ئایا دۆسییەی نەوت لەو شارە بە دەست ئارامی شێخ محەمەدە؟ تا ئەو هەنگاوە بنرێ؟ بۆیە ئەمە کارتێکی دیکەی سووتاوی گۆڕانە کە یاری پێدەکات.
pdk-
