كەركووك.. ژمارەیەك گومانلێكراوی داعش دەستگیر کران

  كەركووك.. ژمارەیەك گومانلێكراوی داعش دەستگیر کران
بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی كەركووك دەستگیركردنی ژمارەیەك گومانلێكراوی داعشی لەو شارە ڕاگەیاند. هەروەها دەشڵێت: "چەكدارەكانی داعش ورەیان نەماوە و ڕیشیان دەتاشن و چەكەكانیان فڕێ دەدەن و خۆیان تێكەڵی ئاوارەكان دەکەن، بەڵام هەر زوو لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن.

عەقید فەرهاد تۆفیق، بەرپرسی بنكەی ئاسایشی كوردستان- كەركووك، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: "دەزگا ئەمنییەكانی شاری كەركووك، ژمارەیەك گومانلێكراوی داعشیان لەناو ئاوارەكانی پارێزگای كەركووكدا دەستگیر كردووە كە لە ڕۆژی پەلاماردانەكەی چەكدارانی داعش بۆ شاری كەركووك ئەو كەسانە هاوكاریی ئەو چەكدارانی داعشیان كردووە."

گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش لە حەویجە و دەوروبەری ورەیان نەماوە، چونكە ڕۆژانە چەكەكانیان فڕێ دەدەن و خۆیان تێكەڵی ئاوارەكان دەكەن، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێن."

ئەوەشی ئاشکرا کرد: "شاری كەركووك لە چەکدرارە گومانلێكراوەکانی داعش پاک کراوەتەوە، بە جۆرێك ئێستا بارودۆخی تەناهیی ئەو شارە لە ڕەوشێكی سەقامگیر دایە و هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام دەزگا ئەمنییەكان هەمیشە چاودێریی وردی چوار دەوری شاری كەركووك دەكەن لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند شوێنێكی جیاوازەوە كە ناتوانم ناوەكانیان بڵێم هێزی ئەمنی جێگیر كراوە بۆ ئەوەی چەكدارەكانی داعش نەتوانن دزە بكەنە ناو شاری كەركووكەوە."

بەرپرسەكەی بنكەی ئاسایشی كوردستان- كەركووك، ئاماژەی بەوەش كرد: "چەكدارەكانی داعش ڕیشی خۆیان دەتاشن و لەگەڵ ئاوارەكانی حەویجە دێنە ناو شاری كەركووكەوە، بەڵام ئێمە ڕاستەوخۆ دەزانین ئەوە چەكداری داعشە و تێكەڵی ئاوارەكان بووە و هاتووەتە نێو شاری كەركووك، بۆیە ئێمە ئەو كەسانە دەستگیر دەكەین و ڕەوانەی سەرووی خۆمانیان دەكەین."












باسنیوز
Top