ماموستایەکی زانکۆ: ھەوڵدەدرێت رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا تێکبدرێت
ماموستایەکی زانکۆ دەڵێت، گۆڕان وباڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و باڵی "نوری مالیکی" دەیانەوێت بە پرۆژەی مامەڵەکردنی بەغدا بەشێوەی پارێزگا لەگەڵ ھەرێم ئەو رێککەوتنەی نێوان ھەرێم و بەغدا تێکبدەن.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ "عەبدولحەکیم خەسرۆ" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "ئەو پڕۆژەی پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی بەغدا بەشێوەی پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات بۆ ئەوەیە کە چیتر ھەولێر نەبێتە ناوەندی بڕیار و وەکو پێشوو بەغدا مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات بەشێوەی پارێزگا، ئەمە رەتکراوەتەوە لەلایەن سەرکردایەتی کورد لە پێشووتر پێش ئەوەی دەستور پەسەند بکرێت."
وتیشی: لە دەستور دان بە ھەرێمی کوردستان دانراوە وەکو یەکەیەکی ئیداری و ھەموو دەستەڵاتەکانی دەستور دانی پێداناوە و ئەگەر بەوشێوەی گۆڕان باسی دەکات ئەمە دەستور رێگەیان پێنادات.
د.عەبدولحەکیم خەسرۆ ڕوونیشی کردەوە، لە ئێستادا باڵی دەسترۆیشتووی یەکێتی و گۆڕان و دەوڵەتی یاسا خەریکی ئەو پڕۆژەیەن و مەبەستی سەرەکیشیان تێکدانی ئەو رێککەوتنەی نێوان ھەرێم و بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان و ھەوڵێک ھەیە کە ئەورێککەوتنە تێکبدرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر موسڵ ئازادبکرێت دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ھەرێم و حکومەتی ناوەندی، بەرەیەک ھەیە لەلایەن ئەوانەی ئاماژەم پێکرد کە ھەوڵدەدەن گرفت بۆ ھەرێم و حکومەتی ناوەندی دروست بکەن و چەند رزگارکردنی موسڵ خێراتر بێت فشاری ئەوانیش زیاتر دەبێت و شێوازی کارکردنیان زیاتر دەبێت.
PAYAMNER-
