وەزارەتی پێشمەرگە: بەغدا هیچ پارەیەکی نەناردووە

 وەزارەتی پێشمەرگە: بەغدا هیچ پارەیەکی نەناردووە
لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە حكوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەناردووە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، 6/11/2016 بڵاوی كردوەتەوە ، تێیدا هاتووە: "وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكاتەوە كە نە هیچ بڕە پارەیەك و نە ئەو 10 ملیار دینارەی باس دەكرێت لە وەزارەتی دارایی عێراق، یان خود وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی عێراقەوە نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، هاتووە: "لەو بارەیەوە ئەمڕۆ قسەمان لەگەڵ بریكاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و بەڕێزیشیان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە هیچ بڕە پارەیەك، یان نووسراوێكیان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە".

ڕوونكردنەوەكەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوە دێت كە پێشتر فازڵ نەبی، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕای گەیاندبوو بڕی 10 ملیار دینار وەك بەشێك لە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.












باسنیوز
Top