حەیدەر عەبادی گەیشتە هەولێر
ئەمشەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە هەولێرو لەلایەن مەسعود بارزانی پێشوازی لێكرا.
عەبادی كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە ئەمڕۆ سەردانی بەرەكانی شەڕی كرد لە نزیك شاری موسڵو ستایشی رۆڵی هێزە بەشداربووەكانیكرد لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارەو رایگەیاند، یەكەمجارە لەمێژووی عێراق پێشمەرگەو سوپا پێكەوە شەڕ دەكەنو شەهید دەبن.
چاوەڕێ دەكرێت عەبادی لەمیانی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵو كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تاوتوێ بكات.
بەرەبەیانی رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق و بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ دەستیپێكرد، تائێستاش دەیان گوندو چەند گەڕەكێكی موسڵ رزگاركراون.
لایخۆیەوە برێت مەكگۆرك، نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی داعش، كەمێك لەمەوبەر لە توێتێكدا لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی" حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەئەمڕۆدا چووە موسڵ. ئێستا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عیراق، بارزانی، لە هەولێر كۆدەبێتەوە. هەماهەنگی زۆر گرنگە بۆ شكستپێهێنانی كۆتایی داعش لە موسڵ".
لەبارەی هەماهەنگی لە نێوان هێزە بەشداربووەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، عەبادی ئەمڕۆ لەمیانی بەسەركردنەوەی بەرەی شەڕ رایگەیاند"هەماهەنگییەكی زۆر باش لەنێوان هێزەكاندا هەیەو یەكەمجارە لەمێژووی عێراق پێشمەرگەو سوپا پێكەوە شەڕ دەكەنو شەهید دەبن، خەڵكانێك هەوڵیاندەدا جیاوازی بخەنەناو پێكهاتەكانەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون".
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە چەكدارەكانی داعش هیچ رۆڵێكیان لە عێراقدا نەماوەو ئەو چەكدارانەی كە دەیانەوێت بژین، ئەوا پێویستە چەكەكانیان دابنێن و خۆیان رادەستی هێزەكانی سوپا بكەن.
Xandan-
