عوسمان ئۆجەلان: پەکەکە و تورکیا پڕۆسەی ئاشتییان بەمڕۆ گەیاند

 عوسمان ئۆجەلان: پەکەکە و تورکیا پڕۆسەی ئاشتییان بەمڕۆ گەیاند
عوسمان ئۆجەلان، سەرکردەی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان، ڕەخنە لە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە دەستگیرکردنی ھاوسەرۆکانی ھەدەپە دەگرێت و پێی وایە تورکیا و سەرکردایەتیی قەندیل پڕۆسەی ئاشتیان لەناو بردووە.

عوسمان ئۆجەلان، برای ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سەرکردەی پێشووی لەو حزبە، ڕایگەیاند: "ئاکپارتی بەبیانووی کودەتا شۆڕشێکی ئیسلامی لە تورکیا دەستپیکردووە، بۆیە تورکیا بەنازە سیستەمی ئەو وڵاتە بکاتە سیستەمێکی ئیسلامی، لە کاتێکدا لە شەستەکانی ڕابردووەوە دوو ڕەوتی ئیسلامی لە تورکیا ھەبووە و بەرەو دەسەڵات چوون یەکیان گروپی گولەنەکان و فەتحوڵا گولەنە، ھی دووەم تورکی میللی نەجمەدین ئەربەکان بوو، ئەم دوو ڕەوتە دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئێستاش دوای کودەتاکەی ١٥ تەمموز دەسەڵاتی تورکیا کەوتوەتە گیانی جەماعەتی گولەن، لەم لاشەوە لە ئاستی کورد ھەڵمەتێکی دەست پێکردووە لە دژی بزاوی نەتەوەیی کورد".

بڕای ڕێبەری پێشووی پەکەکە، ھێمای بۆ ئەوە کرد: "دەستگردنی دەمیرتاش، تەنیا لە دژی کورد نیی،ە دژی ھەموو بزاڤێکی نەتەوەیی کوردە، بۆیە ئەوەی کراوە دژایەتی ئەو مافانەیە کە کورد لە کوردستانی باکوور دەیخوازێت، بۆیە دەبێت ئێستا کوردی باکوور جوڵانەوەیەکی مەدەنی دەست پێبکات، ڕێگا نەدات کە دەوڵەتی تورکیا ئامانجەکان لەناو ببات، چونکە ئێستا لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان خەبات و تێکۆشان ھەیە، لە کوردستانی باشوور باسی دەوڵەت دەکرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان خەبات بۆ سەربەخۆبوون دەکرێت، بۆیە دەبێت کورد ڕێگا نەدات سایکس-پیکۆیەکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".

گوتیشی: "بارزانی، خاوەنداریەتی پڕۆژەی ئاشتی بوو، ھەمیشە خەمی ئەوەی دەخوارد چۆن پڕۆژەی ئاشتی سەرکەوێت، بۆیە دەیگوت دەبێت کورد لە باکوور بە ئاشتیانە و سیاسییانە بە مافی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە پەکەکە بەتایبەت سەرکردایەتیی قەندیل و تورکیا بە گەرمووگوڕییەوە بەدەم پرۆژەکەوە نەھاتن، سەرکردایەتی قەندیل باوەڕی بە پرۆژەی ئاشتی نەمابوو، لە لێدوانەکانیاندا سەرکردایەتی قەندیل لە پڕۆسەکەیان کەم دەکردەوە".

عوسمان ئۆجەلان، خستەڕوو: "دوای ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەریان ساڵی ڕابردوو، تورکیا بەشێک لە پڕۆژەکەی تێکدا و دەستی بەشەڕ کرد، لە کاتێکدا بارزانی، ھەر بەردەوام بوو لە ھەوڵەکانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام بەداخەوە بە شێوەیەکی دوولایەنە لەلایەن پەکەکە و قەندیل و تورکیا ئەو پڕۆژەیە تێکدار و پەکەکە کاتی خۆی قیمەتی ئەو پرۆژەی نەزانی و تورکیاش نەیدەویست ئەو پرۆژە سەرکەوێت، بۆیە سەرجەم ھەڵەکانی قەندیل و تورکیاش ئەمەی ئەمڕۆی دروست کرد.












باسنیوز
Top