ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەماھەنگی لە بواری خوێندنی باڵادا دەکەن
ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "عەبدولڕەزاق ئەلعیسا" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقی فیدرال کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک وەزیران پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێزیان کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی تازەیدا بۆ خواست. ھەروەھا پێزانینی خۆی بۆ سەردانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراقی فیدرال بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەم سەردانەی دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەستبەکاربوونی بە نیشانەی خواستی عەبدولڕەزاق ئەلعیسا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وەزارەت لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی.
بەڕێز سەرۆک وەزیران ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە دامودەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگییەکن لەپێناو برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وەزارەت لە ھەرێم و عێراق و بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندنی باڵا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵایشی بە کلیلی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵات لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، وێڕای سوپاسکردنی سەرۆک وەزیران، دووپاتی کردەوە کە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ھەردوو وەزارەتدا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە و بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنێکی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوولادا ھەیە کە دەکرێ ھەردوو وەزیری پەروەردەش لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تیایدا ئەندام بن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەریەکە لە وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق ئامادەی بوون، ھەردوولا داکۆکییان لە گرنگیی گۆڕینی ئەو یاسا عێراقییانە کردەوە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ھێشتا کاریان پێدەکرێت و لە زۆر بواردا بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتنی ئاستی خوێندنی باڵا لە عێراق، ھەروەھا ھەردوولا جەختیان لەسەر بایەخدانی زیاتر بە خوێندنی پیشەیی و بەرەوپێشبردنی، وەک پێوستییەکی گرنگی عێراق و ھەرێمی کوردستان؛ کردەوە.
Payamner-
