مامۆستایانى ناڕازى گه‌رمیان دوایین هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى پڕۆسه‌ى خوێندن ڕاگه‌یاند

 مامۆستایانى ناڕازى گه‌رمیان دوایین هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى پڕۆسه‌ى خوێندن ڕاگه‌یاند
مامۆستایانى ناڕازى سنوورى گه‌رمیان له‌ ڕێگه‌ى به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌، دوایین هه‌ڵوێستى خۆیان له‌باره‌ى پڕۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن ‌و جه‌خت له‌سه‌ر بایكۆتكردنى ده‌وام ده‌كه‌نه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى حكوومه‌ت وه‌ڵامى داواكارى مامۆستایان ده‌داته‌وه‌.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌: "زیاتر له‌ مانگێك به‌سه‌ر ساڵى نوێى خوێندندا تێپه‌ڕیوه‌ و تا ئێستا مامۆستایانى پارێزگاى سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ى گه‌رمیان ‌و ڕاپه‌ڕین، له‌سه‌ر بایكۆتكردنى هۆڵه‌كانى خوێندن به‌رده‌وامن، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیش ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌و گرووپه‌ سیاسییانه‌ى وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن تێده‌گه‌ن له‌وه‌ى وڵاتیان به‌ره‌و وێرانه‌ بردووه‌".

مامۆستایانى ناڕازى گه‌رمیان، له‌و به‌یاننامه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن: "هه‌ر حزب ‌و لایه‌نێكى سیاسی ‌و تاقمێكى به‌رژه‌وه‌ندیخواز بیه‌وێت له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى خۆى زیان به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى مامۆستایان بگه‌یه‌نێت، له‌ دژى دێینه‌ ده‌نگ ‌و چیتر كه‌س مافى ئه‌وه‌ى نییه‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران بچه‌وسێنێته‌وه‌".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى مامۆستایانى ناڕازیدا جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌: "ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ 1/11/2016 ڕێپێوانێكى به‌رفراوان له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌لاره‌وه‌ بۆ به‌رده‌م قایمقامیه‌تى شاری كه‌لار ئه‌نجام ده‌ده‌ین ‌و تێیدا سوربوونى خۆمان له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ بایكۆتكردنى ده‌وام ڕاده‌گه‌یه‌نین".




باسنیوز
Top