كه‌ركوك... بۆ دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به‌ داعشن، پێویسته‌ میكانیزمێك بۆ دادگاییكردنیان دابنرێت

كه‌ركوك... بۆ دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به‌ داعشن، پێویسته‌ میكانیزمێك بۆ دادگاییكردنیان دابنرێت

سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشكرای كرد، پێویستە میکانیزمێک لەگەڵ دادگاکانی کەرکوک دابنرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری هاوکاربێت لە پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو دەستگیرکراوانەی پەیوەندیان بە چەکدارانی داعشەوە هەبووە.

رۆژی هەینی 20-10-2016 دەیان چەكداری داعش دزەیان كردە شاری كەركووك و لە هەشت شوێنی جیاوازی ئەو شارەوە چەندین هێرشیان ئەنجامدا و لەم هێرشانەدا پێنج دامودەزگای ئەمنی کرابوونە ئامانج و خانووی خەڵک و ئەو هۆتێلانەی چەكدارانی داعش چووبوونە ناویان هەموو وێرانبوون. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ‌ هۆتێل، حەوت باڵەخانەی حکومی و زیاتر لە 50 دوکان زیانی ماددی گەورەیان بەركەوت.

د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند "بەردەوام لە رابردوودا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی کە لە بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین بەتایبەت خاڵەکانی پشکنینی کەرکوک گیراونەتە بەر رێوشوێنی توندن و بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کراوە کە روویان لە شاری کەرکوک کردووە، بەڵام ئەم رووداوانەی چەند رۆژی رابردوو و ئەو هێرشانەی کە لە کەرکووک روویاندا سەلماندیان کە پێویستە هێشتاش رێوشوێنە ئەمنییەکان توندتر بکرێنەوە چوونکە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لەناو ئەو ئاوارە و پەنابەرانەوە خۆیان دەخزێننە ناو شارەکان و دەبنە مەترسی بۆسەر ئەو شارە".

سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە ئێستادا لە کەرکوک زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە هەیە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە بەردەوام پێشوازییان لێدەکەن و هاوکارییان دەکەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان خەڵک لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ ناگوازنەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن ئەو ئاوارانە لە یەک رێگاوە بێن بۆ ئەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە هەڵنەوەشێنرێنەوە و نەبنە ئامانجێک بۆ تیرۆریستانی داعش. ئەو کەسانەی شوێنی خۆیان جێدەهێڵن و روو لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە دەکەن رێزێکی زۆریان لێدەگیرێت، بەڵام وەک یاسایەک پێویستە هەمووان بە رێوشوێنە ئاساییەکانی بازگەکاندا تێپەڕ ببن و دواتر بنێردرێنە کەمپەکان".

سەبارەت بە رەوشی بازگەکان د. دیندار زێباری وتی، ئەو هاووڵاتیانەى کە لە پارێزگاکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراقەوە روو لە کەرکوک دەکەن و نەکەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، دەست دەکرێت بە ووردبینکردنى ناسنامەکانیان لەڕێگاى ئەو داتا و زانیارییە تایبەتانە لەڕێگاى کۆمپیوتەر و بنکەى زانیاریەکان کە لە دەزگاى هەواڵگرى و ئاسایشى نیشتمانى لە خاڵەکانى پشکنین ئەندامیان هەیە وە دوابەدواى دڵنیابوون لە بێتاوانیان و بەشێوەیەکى ئاسایى رێگەیان پێدەدرێت بۆ چوونە ژوورەوە، هەروەها ئەوانەی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکرابوون، خاڵەکانى پشکنین هەڵدەستن بە ئەنجامدانى هەمان ڕێوشوێن پشتبەستن بەو زانیاریانەى کە لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگرى، ئاسایشى نیشتیمانى و مەفرەزەکانى ئاسایش پێیاندەگات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئه‌وه‌شی خسته‌روو، دادوەرانی شاری کەرکوک کە بەشی هەرەزۆریان عەرەبن، ئاستەنگ دەخەنە بەردەم هێزە ئەمنییەکان لەرووی رێوشوێنی لێکۆڵینەوەکان، بۆیە پێویستە لە رێگای ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم میکانیزمێک لەگەڵ دادگاکانی کەرکوک دابنرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری هاوکار و ئاگادار بێت لە پرۆسەی دادگایی کردنی دەستگیر کراوەکان و توندتر کردنەوەی رەوشی ئەمنی بازگەکان، هەروەها پێویستە ستراتیژیەتێکى روون و ئاشکرا دابڕێژرێت لە رووى ئەمنى، کارگێڕى و پێکەوەژیان لە سنووری پارێزگاری کەرکوک و دەوروبەری کە بەشێکی زۆری وێرانکاری لە ناوچەکانیاندا روویداوە
Payamner-
Top