گۆڕان هەڕەشە لە یەكێتی دەكات
غالب محەمەد، سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی كێشەی پارێزگاری سلێمانی، ڕای گەیاند: "پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بە ئاڕاستەی كێشە سیاسییەكان براوە و ئێمە دەزانین ئەو مەسەلەیە بە سیاسی كراوە، چونكە وەزیری ناوخۆ سەر بە پارتی دیموكراتیی كوردستانە و ئەو قسانەشی كە كردوویەتی، هیچی یاسایی نییە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان پێداگری لە سیاسەتەکانی پێشوویان دەکەن.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، “دەبێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە شێوەیەكی یاسایی ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت و دەڵێت: ”ئەگەر لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو پۆستە یەكلایی نەكرێتەوە، ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی قورسی دەبێت".
دووپاتیشی کردەوە: “دەبێت یەكێتی ئەو پۆستەمان بۆ یەكلایی بكاتەوە، چۆن ئێمە ئەو پۆستەمان خستە سەر سینییەكی ئاڵتوونی و بە یەكێـتیمان دا، ئەویش بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو پۆستەی بەڕێوە برد، دەبێت یەكێتی ئەو پۆستەمان بۆ بخاتەوە سەر سینییەكی ئاڵتوونی و پێمان بداتەوە".
ئەمە لە کاتێک دایە کە دوای دانانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەپارێزگاری سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکە، بەهۆی نەبوونی مەرسوومی هەرێمی، وەزارەتی ناوخۆ ڕەتی کردەوە مامەڵە لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکات تەنیا ئاسۆ فەرەیدوون نەبێت کە بە مەرسوومی هەرێمی کراوەتە پارێزگار.
باسنیوز
