فەرماندەیەکی عێراقی لێدوانێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رەت دەکاتەوە

فەرماندەیەکی عێراقی لێدوانێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رەت دەکاتەوە
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی عێراق لێدوانی گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ رەت دەکاتەوە.



رۆژی شەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق رایگەیاندووە، کە لە دوو رۆژی داهاتوودا، هێزە عێراقییەکان هێرش بۆ سەنتەری شاری مووسڵ لە رۆژهەڵاتەوە دەست پێدەکەن.



فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی لێدوانی جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”هێزەکانمان ئێستا خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن“ و ئۆپەراسیۆنەکە رانەگیراوە.



رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە باکووری نەینەوا لە چوارچێوەی ئۆۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، راگەیاند.



پێشتر کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.



زووتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.



هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە، هیزە عێراقییەکان لە نزیک باشیک و لە باشووری مووسڵ دەستین بە هێرش بۆ سەر بارەگاکانی داعش کردووە و چەند گوندێکیان رزگار کردووەتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.






باسنیوز
Top