پرۆژەیاسایەكی كۆنگرێس بۆ گەمارۆی دە ساڵەی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران

  پرۆژەیاسایەكی كۆنگرێس بۆ گەمارۆی دە ساڵەی سەر كۆماری ئیسلامی ئێران

ماڵپەڕی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكی تایبەتدا بڵاوی كردەوە، بڕیارە ڕێبەرانی كۆماریخوازی پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمەریكا پرۆژەیاسایەك بە كۆنگرێس پەسند بكەن كە بۆ ماوەی دە ساڵی تر گەمارۆكانی سەر ئێران درێژدەكرێنەوە.

"یاسای گۆمارۆكانی سەر ئێران" یان "ئەی ئێس ئەی" كە 31ـی كانونی یەكەم كۆتایی دێت، بواری بازرگانی، وزە، بەرگری، پیشەسازی بانك لە پەیوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوەكی و تاقیكردنەوەی مووشەكە كیشوەربڕەكانی ئێران دەگرێتەوە و، بڕیارە گەمارۆكانیان درێژبكرێنەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز، یەكێك لە كارە گرینگەكانی ئەندامانی كۆنگرێس دوای گەڕانەوەیان بۆ واشنتۆن ئەویش ڕۆژێك بەر لە هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی، كە بە ناتەواوی ماوەتەوە، خستنەبەر دەنگدانی پرۆژەیاسای درێژكردنەوەی گۆمارۆكانی سەر كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

جێگرانی ئەندام كۆنگرێس كە هەواڵەكەیان ڕاگەیاندووە، لەسەر ئەو باوەڕەن پرۆژەیاساكە بێ گۆڕانكاری دەنگی بۆ دەدرێت و، بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆنگرێس لەگەڵیدان، بەڵام چارەنووسی لە سنای ئەمەریكادا نادیارە.
كۆمارییەكان دژ بە ڕێككەوتنە ناوەكییەكەن
كۆمارییەكان ئێستە زۆرینەی كۆنگرێسیان بەدەستە و، سنای ئەمەریكایان بەدەستەوەیە و، بە تێكڕا دژ بە ڕێككەوتنە ناوەكییەكەی ئێران و شەش زلهێزەكەی دنیان.

بە پێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز، هەندێ سیناتۆری كۆماریخواز تەنیا لەگەڵ درێژكردنەوەی یاسای گۆمارۆكانی سەر ئێراندا نین، بەڵكوو لە هەوڵی ئەوەدان گۆمارۆی قورستر بخرێتە سەر ئێران، ئەویش بە هۆی تاقیكردنەوەی مووشەكە كیشوەربڕەكان و، پاڵپشتیكردنی ئەو وڵاتە لە تاقمە تیرۆریستەكانە.

لەلایەكی دیكەیشەوە هەندێ كۆماریخوازی ناو كۆنگرێس بەدوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتی سەركۆماری ئەمەریكان، چونكە پێیان وایە گەمارۆخستنە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا و، سزادانی لایەنی بەرامبەرە و، نابێتە دەسكەوتی هیچكام لە پارتەكانی دیموكرات و كۆمارییەكان.
هەڵبەت كۆمارییەكان بۆ پەسندكردنی هەرجۆرە پرۆژەیاسایەك پێویستیانی بە پاڵپشتیی هەندێ دیموكرات هەیە. كۆمارییەكان ئێستە 54 كورسی لە سەد كورسییەكەی سنایان بەدەوستەویەە و، بۆ پەسندكردنی پرۆژەیاساكان پێویستیان بە دەنگی شەست لە ئەندامانی سنا هەیە.

ڕەنگە ئۆباما پەنا بۆ ڤێتۆكردن نەبات
حكوومەتەكەی باراك ئۆبامایش داوای لە كۆنگرێس كردووە درێژكردنەوەی ئەو پرۆژەیاسایە وەدوا بخات و، لەسەر ئەو باوەڕەیە سەركۆمار بۆ گەمارۆخستنە سەر ئێران ئامرازی پێویستی هەیە و، پێویست بە درێژكردنەوەی ناكات.

گەورەبەرپرسێكی حكوومەتەكەی باراك ئۆباما لەبارەی ڤیتۆكردنی پرۆژەیاساكەوە بە ڕۆیتەرزی گوت: كۆشكەسپی ئێستەیش بڕوای بە ڕێككەوتنە ناوەكییەكەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆمەڵی 5+1ـەوە هەیە و گوتی: ئێمە هاوكاری كۆنگرێس بە پێویست دەزانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، حەز دەكەین سەبارەت بە مەترسینەخستنە سەر ڕێككەوتنە ناوەكییەكە بەردەوام دانوستان لەگەڵ یاسادانەران بكەین.

لەلایەكەی دیكەیشەوە جێگرێكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس لە ڕۆیتەرزی گوت: درێژكردنەوەی یاسای گەمارۆكانی سەر ئێران بابەتێكە كە ئەد ڕۆیس سەرۆكی كۆمارییەكانی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێس بەچڕی بەدواوەیەتی و، كاری گەورەی بۆ كردووە.
hAWLER-
Top