نێچیرڤان بارزانی: دوای موسڵ پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا باس دەکەین
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە، پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ بەغدا باس دەکەن. دەشڵێت "دوای 2003 هیوامان بە عێراقێکی دیموکراسی بوو، بەڵام ئەو عێراقە شکستیخوارد".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 28-10-2016، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیایەکی ئەڵمانی، لەبارەی تاوتوێکردنی پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاندووە "ماوەیەکی زۆرە کاتی هاتووە، بەڵام ئێستا هەموو سەرنجێکمان لەسەر شەڕی دژ بە داعشە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، بەزووترین کات دوای ئازادکردنی موسڵ، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆدەبنەوە و پرسی سەربەخۆیی کوردستانیان لەگەڵ تاوتوێ دەکەن.
لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی، بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا گوتوویەتی "کوردین و نەتەوەی خۆمان هەیە، رۆژێک گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدەین و رێگەدەدەین خەڵکی کوردستان لەوبارەوە بڕیاربدات، چونكە دوای 2003 هیوامان بە عێراقێکی دیموکراسی بوو، بەڵام ئەو عێراقە شکستیخوارد".
rUDAW-
