ئەم جارە مامۆستایانی ناڕازی لە جیاتی خۆپیشاندان خوێن دەبەخشن
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژی شەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2016 ئەنجامی دا، دەستەی مامۆستایان ناڕازیی سلێمانی رایگەیاند، کە ئەوان لە بایکۆتکتدنی پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبن و خۆپیشاندانی جەماوەریش رێک دەخەن.
دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەروەها رایگەیاندووە، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەم خۆپیشاندانێک ئەنجام بدەن، بەڵام بڕیارەکەیان گۆڕیوە و بڕیاریان داوە بچنە بەردەم بنکەی خوێنبەخشینی سلێمانی و خوێن بە بەریندارانی هێزەکانی پێشمەرگە ببەخشن.
مامۆستایانی ناڕازی هۆشدارییان دا لەوەی ”بەرەنگاری هەر هەوڵێک“ دەبنەوە، کە بیەوێ داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی ”بەلاڕێدا“ ببات.
بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە، زۆرینەی مامۆستایانی سلێمانی پرۆسەی خوێندنیان بایکۆت کردووە و بەردەوامیش خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین ئەنجام دەدەن.
