سەرۆك بارزانی: پەلامارەکەی کەرکووک هەوڵێکی بێهودەی داعش بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی پەلامارەکەی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر شاری کەرکووک بڵاو کردەوە.
لەو پەیامەدا سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرەخۆشیکردن لە کەسوکاری شەهیدان و هیواخواستنی بۆ چاکبوونەوەی برینداران، سوپاسی خۆڕاگری و هاوکاریی خەڵکی کەرکووک و دەزگا ئەمنییەکانی کردووە.
هەر لەو پەیامەدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە هێرشەکەی داعش هەوڵێکی بێهودەی داعش بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە بەرامبەر پێشمەرگە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕوون کردووەتەوە: ”هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی ڕۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە كە بە پەلە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڕێزانە دەستەڵاتی تەواویان هەیە كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی شارەكە و سنووری پارێزگای كەركووك بگرنە بەر و ئەویش لەپێناو پاراستنی كەركووك و هاووڵاتیانی سنووری ئەو پارێزگایە و ڕێگەگرتن لە پەلامار و دەستدرێژی تیرۆریستان و هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە. بە هەر نرخێك بێت پێویستە كەركووك پارێزراو دەبێت و ناكەوێتەوە دەستی دوژمنان“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیانی شاری كەركووك
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەبارەت بە پەلاماری ڕۆژی هەینی 21ـی 10ـی 2016 بۆ سەر شاری كەركووك سوپاسی خۆڕاگری و هاوكاریی دانیشتوانی خۆشەویستی شاری كەركووك و دەزگە ئەمنییەكان دەكەم و پرسە و سەرەخۆشیی خۆم بۆ كەسوكاری شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەكە ڕادەگەیێنم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
ئەو پەلامارە هەوڵێكی بێهوودەی تیرۆریستانە بۆ قەرەبووی شكستەكانیان لەبەرانبەر پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ. لەگەڵ ئەوەیش هاووڵاتیانی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای مەزن بە ئیرادەیەكی بەهێز و بە یەكڕیزیی پێشمەرگە و جەماوەری دڵسۆز ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەوەستینەوە و هەوڵەكانیان تێكدەشكێنین.
هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی ڕۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە كە بە پەلە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڕێزانە دەستەڵاتی تەواویان هەیە كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی شارەكە و سنووری پارێزگای كەركووك بگرنە بەر و ئەویش لەپێناو پاراستنی كەركووك و هاووڵاتیانی سنووری ئەو پارێزگایە و ڕێگەگرتن لە پەلامار و دەستدرێژی تیرۆریستان و هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە. بە هەر نرخێك بێت پێویستە كەركووك پارێزراو دەبێت و ناكەوێتەوە دەستی دوژمنان.
مسعود بارزانی
22ـی 10ـی 2016
