فەرماندەیەک: هیچ هێزێک بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە نایەتە کەرکووکەوە

 فەرماندەیەک: هیچ هێزێک بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە نایەتە کەرکووکەوە
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی داعشەکان لە ناوچە عەرەبنشینەکانی کەرکووک خۆیان جێگیر کردووە و هیچ هێزێکیش بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕککەوتن نایەتە شارەکەوە.



عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە محیوەری گەرمەسێر راگەیاند، زانیاریی هەیە کە چەند هێزێکی پشتیوانی بۆ پارێزگاری لە هاووڵاتیانی کەرکووک، ڕەوانەی شارەکە کراون، کە ئەم بڕیارە لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بووە، بەڵام هاتنی هەر هێزێک بۆ شارەکە بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە ناکرێت."



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی: "رەوشی شاری کەرکووک لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زۆر باش بووە، راستە دوێنێ هەینی داعش هێرشی بۆ شارەکە کردووە و دزەیان کردوەتە سەنتەری شار، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئارامە، بەڵام لە هەندێک ناوچە عەرەبییەکان پێکدادان هەیە، لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم ئەو ناوچانەیان لێ پاک دەکرێتەوە و داوا لە خەڵکی شاری کەرکووک دەکەین هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن".


ڕاشیگەیاند: "ئەوەی داعش کردوویەتی بۆ دوورخستنەوەی بەرەی جەنگە لە مووسڵ ئێستا داعش دەیەوێت تاکتیکی شەڕ بەرەو ئاراستەی مووسڵ بگۆڕێت و فشار لەسەر کەرکووک دابنێت، چونکە تاکتیکی ئەمجارەیان ئەوەیە کە دزە بکەنە ناو شارەکان و لەوێ هێزەکان سەرقاڵ بکەن".
عەبدوڵا بۆر ئەوەشی خستەڕوو: "زۆربەی چەکدارانی داعش بەناوی ئاوارەەوە هاتوون و لە ناوچە عەرەب نشینەکان نیشتەجێ بوون.






باسنيوز
Top