نەجمەدین کەریم ساڵانی ڕابردوو پارەیەکی زۆری بۆ کامێرای چاودێری لە کەرکووک خەرج کردووە

 نەجمەدین کەریم ساڵانی ڕابردوو پارەیەکی زۆری بۆ کامێرای چاودێری لە کەرکووک خەرج کردووە
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 ساڵ و 10 مانگ بەسەر بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بە مەبەستی دانانی کامێرای چاودێری، تاوەکوو ئێستا کامێراکان دانەندراون کە بەرپرسانی کەرکووک بە هۆکارێک بۆ خراپبوونی جار بە جاری دۆخی ئەمنی لەقەڵەمی دەدەن.

لە سەرەتای مانگی 1ی ساڵی 2014، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر داوای نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری دا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی شاری کەرکووک لە هەوڵە تیرۆریستییەکان، کامێرای چاودێری لەسەرجەم شەقامەکانی شارەکە دابنێت کە بەپێی زانیارییەکان، بۆ ئەم پڕۆژەیە ملیۆنەها دۆلار خەرج کراوە، بەڵام هێشتا کامێراکان لەو شارەدا نەبەستراون. باس لەوە دەکرێت کە ساڵی ڕابردووش بڕە پارەیەک بۆ ئەو پڕۆژەیە خەرج کراوە.

لەمبارەیەوە د. محەمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: ”بەداخەوە ساڵی ڕابردوو، بڕەپارەیەکی زۆر بۆ کڕینی کامێرای چاودێری بۆ ناو شاری کەرکووک و شوێنەکانی دەرەوەی کەرکووک تەرخان کرا، بەڵام نازانین بۆچی ئەو پارەیە خەرج کراوە، کەچی کامێرا دانەندراوە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر ئەو کامێرایانە هەبووایە، ئێستا زۆر کاریگەری لەسەر ڕەوشی کەرکووک دەبوو و گوتی: ”ئەگەر کامێراکان داندرابان، ئێستا دۆخەکە بەمە نەدەگەیشت کە ئەمڕۆ هەیە“.

چەند بەرپرسێکی ئەمنیی کەرکووک باس لە بڕیارەکەی پارێزگاری کەرکووک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بە مەبەستی دانانی کامێرای چاودێری دەکەن، بەڵام وەک بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک گوتی، نازاندرێت بۆچی کامێراکان دانەندراون؟











باسنیوز
Top