سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری مووسڵ شکستی بە پیلانی داعش لە کەرکووک هێنا
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتووە، چەکدارانی داعش پێش دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، پیلانیان بۆ هێرشکردنە سەر شاری کەرکووک داناوە. پیلانەکە بە جۆرێک بووە کە شانە نووستووەکانی داعش لەناو شاری کەرکووک دەست بە جموجۆڵ بکەن و چەکدارانی داعش لە بەرەکانی شەڕ لە دەرەوەی شارەکە هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ جێبەجێیان کرد.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی پێشمەرگە بەرامبەر بە داعش بە دەستیان هێناوە و زیانێکی زۆریان پێ گەیاندوون، چەکدارانی داعش نەیانتوانیوە ئەو هێزەیان کۆبکەنەوە کە پێشتر پیلانیان دانابوو لە ڕێگەیەوە هێرش بکەنە سەر شاری کەرکووک، بۆیە هێزەکەی داعش لە دەرەوەی کەرکووک بە ئاسانی لەلایەن پێشمەرگەوە شکستی پێ هێندرا و لەنێو شاری کەرکووکیش هێزەکان لە ماوەیەکی کەمدا، تەواوی چەکدارانی داعش لەناو دەبەن، وەک بەرپرسانی سەربازیی کەرکووک ئاماژەی بۆ دەکەن.
باسنیوز
