سەرۆكی لیژنەی ئەمنی كەركووك: هێرشبەران بەناوی ئاوارەوە هاتوون

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی كەركووك: هێرشبەران بەناوی ئاوارەوە هاتوون
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند: "ئەوانەی هێرشیان كردووەتە سەر شاری كەركووك هەموو ئەو كەسانەن كە لەگەڵ ئاوارەكان هاتوونەتە ناو كەركووكەوە".

ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەو كەسانەی كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21-10-2016 هێرشیان كردووەتە سەر شاری كەركووك هەموویان بەناوی ئاوارەوە هاتوونەتە ناو شارەكە، شانە نوستووەكانیان بە پێدانی چەك ‌و تەقەمەنی هاوكاریان كردوون، ئەوانیش دۆخەکەیان دروست كردووە، بەڵام خۆشبەختانە دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵدایە".

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوەشكرد ئەو چەكدارانەی داعش كە گەمارۆدەدرێن "دوای ئەوەی هیچ دەرچەیەكیان بۆ دەربازبوون نامێنێ‌، خۆیان دەتەقێننەوە، تاوەكو ئێستا 6 چەكداریان بەو جۆرە خۆیان تەقاندووەتەوە".

لە كاژێر 3:30 خولەكی بەرەبەیانی هەینی 21-10-2016 داعش لە كەركووك هێرشیكردە سەر چەند شوێنێكی شارەكە، لەوانە بینای كۆنی پۆلیسی كەركووك، چەند بنکەیەکی ئاسایش لە دۆمیز و وێستگەی کارەبای دووبز.




رووداو
Top