“داعش بە زۆر چەند گەنجێکی کورد ڕاپێچی بەرەکانی جەنگ دەکات”

 “داعش بە زۆر چەند گەنجێکی کورد ڕاپێچی بەرەکانی جەنگ دەکات”


چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بەرەی جەنگ بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەگۆڕن و بەزۆر چەند گەنجێکی کوردیان ڕاپێچی بەرەی جەنگ کردووە.



مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “جگە لەوەی داعش لەڕووی سەربازییەوە شکستی هێناوە لە شەڕی مووسڵ، ئێستا دەیەوێت ئاراستەی شەڕەکە بکاتە ئایینی و نامەیەک بە کورد بدەن کە دەیانەوێت بڵێن کورد مافی خۆیەتی و ئەم شەڕەی دەکرێت هی ئەوان نییە، چونکە وەک جاران هەڕەشە ناکەن، پێشووتر هەڕەشە جددییەکە لەسەر کورد بوو، دەشیانەوێت بەرەی جەنگ لەدژی کورد بگۆڕن”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داعش لەوە گەیشتووە، قورسایی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە میحوەری پێشمەرگەوەیە، بۆیە جۆرێک لە خۆ بێدەنگبوونیان پێوە دیارە و دەیانەوێت بڵێن ئەمە شەڕی ئێمە نییە، بۆیە ئامادەن سەرجەم ناوچە کوردییەکان بەجێ بهێڵن، بەبێ جەنگ".



بە گوتەی مەریوان نەقشبەندی، چەکدارانی داعش چەند گەنجێکی کوردیان لە مووسڵ ناچار کردووە کە بە زۆر لە بەرەکانی جەنگدا بمێننەوە و بە ناچاریش هەندێک گەنجی کوردیان دۆزیوەتەوە و بردوویاننەتە بەرەکانی جەنگ، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی داعش لە مووسڵ هەڵوەشێندراونەتەوە و دەستیان بە تەقاندنەوەی باڵەخانەکان کردووە.



لە کۆتاییشدا ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی ئەوقاف، لەبارەی بابەتی جیهادی نیکاح و دۆخی ئافرەتانی ژێر دەستی داعش، بە (باسنیوز)ی گوت: “ماوەیەکی کەمە بەهۆی ئەو فشار و هێرشەی کراوەتە سەر داعش، جیهادی نیکاح ڕاگیراوە، بەڵام داعش وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەم کارە، ژنی چەکدارە کوژراوەکانی بە زۆر بەسەر چەکدارە زیندووەکانیدا دابەش دەکات”.
Bas News-
Top