ئەبوبەکر بەغدادی داوای راگرتنی شەڕ لە پێشمەرگە دەکات

 ئەبوبەکر بەغدادی داوای راگرتنی شەڕ لە پێشمەرگە دەکات
خەلیفەی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە رێی سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکانەوە داوای راگرتنی شەڕ لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

ژمارەیەک میدیای عێراقی بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش داوای لە چەند سەرۆک عەشیرەتێکی عەرەبی سنووری پارێزگای نەینەوا کردووە، کە پیشنیازەکەی بگەیەننە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

ئەبوبەکر بەغدادی لە پێشنیازەکەیدا رایگەیاندووە، کە ئەگەر پێشمەرگە شەڕ لە دژی داعش رابگرێت، ئەوا چەکدارانی داعش لە مووسڵ بە چەک و پارەکانیانەوە دەکشێنەوە و روو دەکەنە سووریا.

ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە داعشی تووشی شکستێکی گەورە کردووە و ورەی چەکدارەکانی بە تەواوی رووخاوە. هاوکات دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، بە سەرکردەکانی داعش لە ترسی پێشمەرگە، ماڵ و منداڵی خۆیان لە مووسڵەوە گواستووەتەوە سووریا.

کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.

پێشتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top