تورکمانەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پێشمەرگە رادەگەیەنن و ترسیشیان لە قۆناغی دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ هەیە

تورکمانەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پێشمەرگە رادەگەیەنن و ترسیشیان لە قۆناغی دوای رزگارکردنەوەی مووسڵ هەیە
ژمارەیەک حزب و لایەنی تورکمانی پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ رادەگەیەنن.



لە بەیاننامەیەکدا، 11 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی ترس و دڵەڕاوکێی خۆیان لە قۆناغی دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، نیشان دەدەن.



ئەو حزبە تورکمانییانە پەیامێک ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردە عێراقییەکان دەکەن و داوا دەکەن، لیژنەیەک بە ئەندامێتیی لایەنە تورکمانییەکانی تەلەعفەر و مووسڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردن و پاراستنی سەقامگیریی ئەو ناوچانە.



لە بەیاننامەکەیاندا، حزبە تورکمانییەکان وێڕای پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە بەشدارەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، داوا دەکەن دوای رزگارکردنەوەی ناوچە تورکمان‌نشینەکان، ریفراندۆمێک ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی ئایندەی ئەو ناوچە.



تورکمانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستانن و لە دوای کورد، بە نەتەوەی دووەم لە کوردستانی باشوور دادەنرێن. لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان، پێنج کورسی هەمیشەیی (کۆتا)یان هەیە، هاوشێوەی پێنج کورسیی کۆتای مەسیحییەکان و کورسییەکی کۆتای ئەرمەنەکان.



کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.



پێشتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.



باسنیوز
Top