فرانسوا ئۆلاند: پێشمەرگە بەرانبەر بە داعش زۆر بوێرانە شەڕ دەکات

 فرانسوا ئۆلاند: پێشمەرگە بەرانبەر بە داعش زۆر بوێرانە شەڕ دەکات
فرانسوا ئۆلاند، سەرکۆماری فەرەنسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەمنوسیدا گوتی "پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵدا زۆر بوێرانە شەڕ دەکات و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین سەرکەوتنی بەرچاویان تۆمار کردووە و ناوچەیەکی بەرفراوانی دەوروبەری مووسڵیان ئازاد کردووە."



بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرەنسا، ئۆلاند گوتیشی "دەبێ ڕێگری لە هەڵاتنی چەکدارانی داعش بەرەو "ڕەقە"ی سووریا بگیردرێت." و ئاماژەی بەوەش دا ولاتەکەی بە هێزی زەوینی و دەریایی لەو ئۆپراسیۆنەدا بەشدارە.



سەرکۆماری فەرەنسا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم ئۆپراسیۆنە خاڵە دەسپێکێکە بۆ ئامادەکردنی عێراقی داهاتوو" و درێژەی دا کە دەبێ ئەو خەڵکە سڤیلەی کەلە مووسڵ هەڵدێن یارمەتییان بکرێت و دەبێ دەرگای سنوورەکانی سووریا دابخرێن هەتا چەکدارانی داعش پەنا نەبەنە بەر ئەو وڵاتە.



ئۆلاند کەلە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا قسەی دەکرد، ڕایگەیاند "یەکێتیی ئەورووپا بە جیدی نیگەرانی هەڵاتنی چەکدارانی داعشە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و گوتوویەتی "گورزی سەربازی لە مووسڵ لەدژی داعش دەبێ لە جەرگەی داعش بدرێت و هاوکات خەسارە گیانییەکانیش کەم بکرێنەوە."



ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنەوەی مووسڵ کەلە ڕۆژی دووشەممە 2016 -10 -17ەوە بە فەرماندەیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتی دەستی پێکردووە، تێیدا لە ماوەی چوار ڕۆژدا هەتا ئێستا هیزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند میحوەرەوە توانیویە 13 گوند و زیاتر لە 200 کیلۆمەتری چوار گۆشەی دەوروبەری مووسڵ کە خاکی کوردستانن لەدەستی داعش ڕزگار بکات.








باسنیوز
Top