پێشمەرگە داستانێکی دیکەی تۆمارکرد، سێ وڵاتی زلهێز ئامادەیی پاڵپشتی زیاتریان بۆ پێشمەرگە راگەیاند
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستی بە هێرشکرد و تا کاژێر 12 نیوەڕۆ توانی 9 گوند کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، هێرشەکەی پێشمەرگە بۆ سەر داعش بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێـم و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە؛ داعش لەو هێرشەدا زیاتر لە ٥٠ کوژراوی هەبووە لەگەڵ دەیان بریندار.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بە سەرکەوتنەکان کرد و دەڵێت:" لەو ئۆپەراسیۆنەدا جگە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ٩ گوند و کارگەیەک، پێشمەرگە بە رووبەڕی ٢٠٠ کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە .
پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە داعشی لەنێو موسڵیش تووشی شڵەژان کرد، پێشمەرگە بەو قۆناغەی پێشڕەویەکانی گەیشتە سێ ڕیانی حەمدانیە و تەنیا ٢٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵەوە دوورە، ئەوە لە میحوەری خازر، لە بەرەکانی دیکەش کەمتر یان بەهەمان ماوە لە سەنتەری شارەکە دوورە و هەموو میحوەرەکان لە دەستی پێشمەرگەیە و داعشی گەمارۆداوە .
سێ وڵاتی زلهێز پاڵپشتی زیاتریان بۆ پێشمەرگە راگەیاند
پێشمەرگە پلانێکی بۆ داندرابوو کە لە ماوەی چەند رۆژێک ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بەڵام نەک رۆژێک بەڵکو بە چارەگە رۆژێك ناوچەکانی گرتەوەو زیانی گەورەی لە داعشدا سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە جگە لەوە لە میدیا جیهانییەکان دەنگی دایەوە و بووە مانشێتی هەموو میدیاکان، هاوکات کاربەدەستانی وڵاتانیشی هێنایە هەڵوێست و بەشێكیان ئامادەیی دەردەبڕن بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە شەڕی موسڵ.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرپەرشتی هاوپەیمانێتیەکی ٦٣ وڵاتی لە دژی داعش دەکات، سەرسوڕمانی خۆی لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە نیشان دەدات و دەڵێت:" پێشمەرگە لە رۆژی یەکەمدا زۆر بە سەرکەوتوویی و بە خێرایی پلانەکانیان جێبەجێکرد .
پێتەر کوک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند:" پێشبینی دەکەین شەڕی موسڵ سەخت بێت، بەڵام ئەوەی لە یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بینیمان ئەوەیە پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان خێرا و سەرکەوتوو بوون لە پلانەکانیان.
کوک دەشڵێت:" ئەمریکا لەو باوەڕەدایە هێزەکان توانای لەناوبردنی داعشیان هەیە، هەرچەندە هێشتا زووە بڕیار لە شەڕی موسڵ بدەین، بەڵام متمانەمان بەهێزەکان هەیە و دەتوانن داعش لەنێو ببەن، ئێـمەش ئەوەی لە تواناماندا بێ بۆ هاوکاریکردنی هێزەکان دەیکەین.
کوک زیاتر گوتی ؛ تەواوی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامادەن بۆ هاوکاری زیاتری هێزەکان، ئێمەش بزانین داعش لە چ خاڵێك هێزی هەیە لەو شوێنە بۆردوومانیان دەکەین.
هەر لە ئەمریکا بەڵام ئەمجارە کۆشکی سپی لەبارەی شەڕی موسڵ و پێشڕەوی هێزەکان بۆچوونی خۆی دەربڕی.
جۆش ئیرنس، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند:" دەستپێکی شەڕی موسڵ ئامادەکاری چەند مانگەی هێزەکان بوو بۆ شەڕەکە، چەند هەنگاوێكی گرنگ هەبوون کە پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ شەڕەکە گرتوویانە بەر، لە هەنگاوەکانیشیاندا بەوپەڕی تواناوە پاڵپشتیان دەکەن و بەردەوام دەبین، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هەموومان کۆکین لەسەر لەناوبردنی داعش، هەنگاوەکان بەرەو پێش دەچن و کاری زۆریشمان لەبەردەمە بیکەین.
ئیرنس باسی پلانێکی داعشی کرد لەشەڕی شارەکان و دەڵێت:" چەکدارانی ئەو رێکخراوە خەڵكی سڤیل دەکەنە قەڵغان و خۆیان لە پەنا کەسانی مەدەنی دەشارنەوە، گوتیشی:" نابێت بەهۆکاری مرۆیی شەڕی موسڵ بوەستێت و دەبێت شارەکە لە دەستی داعش دەربهێندرێ.
ئوسترالیا: لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبین.
شەری موسڵ وایکرد پەرلەمانی ئوسترالیا کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان تەرخان بکات بۆ پێشڕەوی هێزەکان و قسەکردن لەسەر شەڕەکە.
ماڵکولم تێرنبۆل، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند:" لەکاتێکدا هێرشی هێزە عێراقییەکان بۆ سەر موسڵ دەستیپێکرد، تیمە تایبەتەکانمان لەوانەش هێزی بەرگری ئوسترالیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو شەڕە، سەربازانمان بەدرێژایی شەڕی موسڵ هاوکاری ئەو هێزانە دەکەن، تێرنبۆڵ هەروەها گوتی:" حکومەتی عێراق و گەلی ئەو وڵاتە تێدەگەن ئوسترالیا چ رۆڵێکی هەیە، دەزانین شەڕی موسڵ سەخت دەبێت، بەڵام داعش سەرچاوەکانی وشک کراون و ژمارەی چەکدارانی کەمبووەتەوە،لەگەڵ ئەوەش هێشتا کاری زیاتر ماوە دەبێت بیکەین."
هاوکات جولیا بیشۆپ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند:" لەگەڵ هاوکاری سەربازی ئامادەین هاوکاری مرۆیی ئەوانەش بکەین کە ئاوارەکان لە خۆدەگرن، دەبێ لەرووی دابینکردنی خۆراک و کەلوپەلی پێویست هاوکاری خەڵکی موسڵ بکرێت، ئەوانەی لە دەستی داعش رادەکەن.
کەنەدای دراوسێی ئوسترالیاش بەهەمان شێوە پاڵپشتی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە، هارجێت ساجان، وەزیری بەرگری کەنەدا کە بەرەگەز هیندیە و دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە رایگەیاند:" کەنەدا لە پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراق بەردەوام دەبێت، دەشڵێت:" دەتوانین هاوکاریەکانمان بۆ هێزەکان زیاد بکەین و ئامادەشین بۆ ئەو کارە .
هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوای سەرکەوتنەکانی رۆژی دووشەممە سەنگەری نوێی لەو شوێنانە لێدا و پێگەی خۆی قایمتر کرد، سەرکەوتنەکانیشی دوو رۆژە باس و خواسی میدیاکانە جیهانە .
hawler-
