چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی دیكە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن

چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی دیكە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن
لە بەردەوامی ئامادەكارییەكان بۆ ئەو ئاوارانەی كە لە شەڕی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە ئامادەكاریەكی كردووە بۆ پێشوازی كردنی ئەو ئاوارانە، كە بە پێی پێشبینییەكان چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی دیكە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.


شاكر یاسین، بەڕێوەبەری گشتی كۆچ‌ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی: هیچ بڕیارێك نیە كە ئەو خەڵكەی لە شاری مووسڵ ماونەتەوە لەگەڵ ئازادكردنی ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بن، بەڵكو لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كۆمەڵێك كەمپ دروست كراون، بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە لەو كەمپانە نیشتەجێ بكرێن و نەهێنە هەرێمی كوردستان.


گوتیشی: پێشتر هەماهەنگی كراوە لەگەڵ UN و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كە لە سنووری پارێزگای دهۆك، لە نێوان دهۆك و مووسڵ 5 كەمپ دروست بكرێن، كە دوو لەو كەمپانە ئامادەكراون، بۆ ئەوانی دیكەیش دەست بە ئامادەكاری كراوە، هەروەها لە سنووری هەولێریش 2 كەمپ ئامادەكراون، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەكان بكەین، هەروەها حكوومەتی عێراق 50 بۆ 60 ملیار دیناری بۆ ئاوارانەی لەو ناوچانە نیشتەجێ دەكرێن دابین كردووە، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەكان بكەین.


لەلایەكی دیكەوە، ئیدریس ساڵح، بەرپرسی كەمپەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ "هەولێر" دەڵێ: سەرەڕای هەبوونی 22 كەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆك 3 كەمپی دیكە دروست دەكرێن، بەڵام ئەو كەمپانە دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لە زوممار و شێخان دروست دەكرێن، كە ئەو هەر دوو كەمپەكە 70% كارەكانیان تەواو بووە، ئەوەی دیكەیش لەم رۆژانە دەست بە دروستكردنی دەكرێت.
ساڵح، روونیشی كردەوە، بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاوارەكان لە سنووری دهۆك و نەبوونی شوێن و خراپی باری دارایی، ناتوانین هیچ ئاوارەیەكی دیكە وەربگرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش بۆ وەرزی زستان لەگەڵ ڕێكخراوەكان و حكوومەت قسەمان كردووە بۆ ئەوەی نەوت و كەلوپەلی پێویست بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكەین"
Hawler-
Top