کەمال کەرکووکی لە پانێلەکەی رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ رای گەل
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و دابینکردنی سەقامگیری زۆر گرنگە، هەم سەرخستنی پرۆسەکە، هەم سەقامگیرکردنی". گوتیشی: "با بگەڕێینەوە بۆ رای گەل و خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن".
لە پانێلێکدا کە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ چوار حیزبی سەرەکی کوردستان کە پێکهاتبوون لە یەکگرتوو، گۆڕان، پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی رێکیخستبوو، کەمال کەرکووکی،ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "سەرکەوتنی پرۆسەی موسڵ کاریگەری لەسەر گشت عێراق و وڵاتانی ناوچەکە هەیە، خوانەخواستە شکستی ئەو پرۆسەیەش، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت و تیرۆر بۆ ماوەیەکی زۆر لەو ناوچەیە بەردەوام دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە سەرکەوتنی تێدا بەدەستبهێنین".
بەبڕوای کەمال کەرکووکی دەستیپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق "هەنگاوێکی گرنگە بۆ مامەڵەکردنی دواڕۆژمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، لەسەر بنەمای دیالۆگ بە هێمنی و بە ئاشتی".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیدگای حزبەکەی لەسەر پرسەکان خستەڕوو و گوتی: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و وەکو پارتی و وەکو گەلی کوردستان دژی کەس نین، کینەشمان بەرامبەر کەس نییە، هیچ کەس و هیچ لایەنێک، ئێمە خاوەن پرسێکین، زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت کێشە لەگەڵ ئەمە و ئەو هەیە، ئەمە دوورە لە راستییەوە، ئێمە خاوەن پرسین، پرسی خاک و بڕیاردان لە چارەنووس و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان".
کەمال کەرکووکی گوتی: "خاوەن بوون بە دەوڵەت و بڕیاردان لە چارەنووس مافێکی نێودەوڵەتییە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ، کە کۆڵەکەی ئەساسی یاسای نێودەوڵەتی بڕیاردانە لە چارەنووس، بەپێی بنەمای نەتەوەیەکگرتووەکان، هەر گەلێک لەسەر خاکی خۆی بژیێت، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەگەر لە دەوڵەتێک جیا ببێتەوە هێزی لەدژ بەکار بهێندرێت، ئەوە تەحەدایە دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات و رێگەی پێنەدات و یارمەتی ئەو دەوڵەتە تازەیەش بدات بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بووەستێت".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: "بۆیە کە باسی سەربەخۆیی بڕیاردان لە مافی چارەنووس دەکەین، مەبەستمان تەحەدا نییە بۆ ئەو بەڕێزانەی ئیمڕۆ لە بەغدان، ئەوانیش و دونیاش و دراوسێکان و دەوڵەتە هەرێمییەکان و خۆشمان دەبێت دان بەوەدا بنێین گەلی کوردستان مافیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات".
کەمال کەرکووکی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە مێژوودا بەداخەوە میللەتەکەمان تووشی نەهامەتی زۆر بووە، لە 30 ساڵی رابردوو 5 جار لە باشووری کوردستان تووشی جینۆساید بووینە، بە 8 قۆناخ ئەنفالکراوین".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و بەشداریی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، کەمال کەرکووکی گوتی: "شەڕی موسڵ لە کوردستانەوە دەستی پێکرد، رێزدار کاک مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی کوردستان سەرپەرشتی یەکەم پرۆسەی رزگارکردنی موسڵی کرد، ئەمە مێژوو تۆماری دەکات، کە گەلی کورد لەگەڵ مافی گەلانە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین موسڵ رزگار بکرێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەش زۆر گرنگە هەندێک بنەما رەچاو بکرێت، ئەویش ئەوەیە رەچاوی مافی پێکهاتەکان بکرێت، دەبێت هەر پێکهاتەیەک لەناوخۆی دیالۆگی خۆی هەبێت بۆ دواڕۆژی موسڵ".
گوتیشی: "دواییش پێکهاتەکان لەگەڵ یەکدی، ئینجا حکومەتێکی خۆجێی کارا، هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێت رۆڵی خۆی بگێڕێت ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش دەبێت پشتیوان بن بۆ پلاندانان و سەقامگییریەک کە بە قۆناخ بێتە کایەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەناو کۆمەڵگا لەو ناوچەیە بکرێت و هەر پێکهاتەیەک لە ئاییندەی خۆی دڵنیا بێت کە جارێکی دیکە جینۆساید ناکرێت و مافەکانی ژێر پێ ناخرێت، لە هەر کۆمەڵگایەک و لە هەر شوێنێکی دونیا، نەتەوە و پێکهاتەیەک لە مافی خۆی مورتاح نەبوو، سەقامگیری لەو ناوچەیە بەدینایێت".
بەبڕوای کەمال کەرکووکی "عێراقیش عێراقی جاران نییە، تەواو رۆیشت، بۆیە دڵنیابن، گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، دڵنیابن دەبنە خاوەنی سەربەخۆیی کوردستان، پێویستە هەموومان گشت لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی خواستی میللەتەکەمان بین، میللەتی کورد یەک هەڵوێستە، زۆرجار گوێمان لێدەبێت ناو ماڵی کورد خراپە، ناوماڵی کورد زۆر باش و رێکە، لایەنە سیاسییەکان لەبەر هەندێک هۆکاری کەسی بێت یان حزبی بێت کێشەیان هەیە، بەڵام بچێتە ماڵی هەر کوردێکەوە لە هەر لایەنێکی سیاسی بێت دڵی بۆت بکاتەوە باوەڕی پێتبێت لەگەڵ سەربەخۆیی وڵاتەکەی دایە".
کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی داوایکرد کە گوێ لە رای گەل بگیرێت بۆ چارەنووسی خۆیان و گوتی: "ئێمە پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکەین، پشتیوانی لەوە دەکەین لە خزمەتی گەلی خۆمان بین، هەموو حیزبەکان دەڵێن ئێمە دامەزراوین بۆ خزمەتی گەل، کەوایە فەرموون با بچینە پێش گەل بزانین چی دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات".
شکستی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ، کایگەری زۆر مەترسیداری لەسەر کۆی دۆخی ناوچەکە و نێوخۆ و دونیا دەبێت، کەمال کەرکووکی دەڵێت: "ئەمڕۆ لەڕووی نێوخۆییەوە شەڕی داعشە لەو ناوچەیە، لەڕووی جیهانییەوە، شەڕی تیرۆر هەیە، بۆیە لایەنە دیموکراسییەکان، ئەو لایەنانەی ئاشتیان دەوێت، پێوستیمان بە پشتگرتنی یەکدی هەیە".
سەبارەت بە رێککەوتنی سیاسی پیش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، کەمال کەرکووکی گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەبوو پێش دەستپێکردنی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ رێککەوتنێکی سیاسی هەبێت، لەبەر زۆر هۆکار ئەوە نەکرا، ئێستاش لە هەوڵداین، ئەگەر ئێستاو بەیانی و رۆژێکی دیکەش ئەو رێککەوتنە بکرێت، لە بەرژەوەندی گشت عێراق و کوردستان و پێکهاتەکانی موسڵە".
کەمال کەرکووکی گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین رێز لە مافی پێکهاتەکانی موسڵ بگیرێت، دەبێت دانیشتووانی موسڵ دڵنیابن لەوەی جارێکی دیکە کەسیان ژێرپێ ناخرێن و جینۆساید ناکرێن".
هەروەها لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: "بە هێمنی و بە دیالۆگ بەبێ تەحەدا و تووندوتیژی و توڕەیی لەگەڵ بەغدا دابنیشین، ببینە دراوسێیەکی رێکوپێک لەگەڵ یەکدی و پشتیوانی یەکدی بین تاوەکو لەسەر ئەو زەمینەین".
ئێوارەی چوارشەممە 19-10-2016 لە چوارچێوەی پانێلێكدا و لە دووەمین كۆنفرانسی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر، چوار سەركردەی دیاری لایەنەكانی پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و رێگەچارەی كێشەكانیان تاووتوێ کرد.
Rudaw-
