سوپاسالاری عێراق ستایشی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەکات

 سوپاسالاری عێراق ستایشی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەکات
سوپاسالاری عێراق لە سەردانێکیدا بۆ لای بارزانی، ستایشی سەرکەوتنەکانی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر رێکخراوی توندڕەوی داعشدا کرد.



بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان،، رۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەریقی یەکەم عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق کۆ بووەتەوە.



مەسعود بارزانی و عوسمان غانمی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵیان تاوتوێ کردووە و سوپاسالاری عێراق ستایشی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای وڵاتەکەی کردووە.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سوپاسالاری عێراق جەختیان لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ کردووە و هەماهەنگییەکەیان بە بەرز نرخاندووە.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.























Top