پەرلەمانتارێک: کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان و یوسف محەمەد نایاساییە
مونا قەهوەچی، سەرۆکی لیستی پێشکەوتووی تورکمان، راگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمرۆ(19\10\2016)ی، یوسف محەمەد، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان هیچ دەرئەنجامێکی نابێت، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەسەر رێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ماوەتەوە، سەرۆک فراکسیۆنەکان دەتوانن کاریگەربن لەسەر حزبەکانی خۆیان، کەوایە بەرێککەوتنی تازە پەرلەمان کارادەکرێتەوە، بۆیە بەبێ رێککەوتنی تازە ئاستەمە پەرلەمان کارابکرێتەوە، گوتی: "ئاگادارین سەرجەم فراکسیۆنەکان بەشدار نابن لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی شاری سلێمانی، چونکە لە کۆیی 17 فراکسیۆن تەنیا 6 فراکسیۆن ئامادە بوون، فراکسیۆنی ئازادی سەربەحزبی شیووعی کوردستانیش بەشداری نەکردووە، بۆیە ناکرێت پەرلەمان دوولەت بکرێت بەشێک لە هەولێر و بەشێک لە سلێمانی".
گوتیشی: "بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، ناکرێت کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی شاری هەولێر بێت، دەبێت لەناو پەرلەمان کۆبوونەوە بکرێت، دواتر بڕیار بدرێت، بۆیە ئەم کۆبوونەوانە چەواشەکارییە و ئەنجامی نابێت".
باسنیوز
