رۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی بەینولنەهرێن: خوازیارین دەشتی نەینەوا بکرێت بە پارێزگایەک بۆ کلد و ئاشووری و پێکهاتەکانی تر

رۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی بەینولنەهرێن: خوازیارین دەشتی نەینەوا بکرێت بە پارێزگایەک بۆ کلد و ئاشووری و پێکهاتەکانی تر
رۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی بەینولنەهرێن بۆ(هه‌ولێر) باسی لەوە کرد کە سەدان کەس لە ئاشوورییەکان راهێنانیان پێکراوە و لە داهاتووشدا ژمارەی هێزەکانیان بۆ هەزاران کەس بەرز دەبێتەوە کە لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکەن و ناوچەکانیان دەپارێزن.



بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پێکهاتەی ئاشوورییەکان، جەنگی مووسڵ دەستپێدەکات و ئاشوورییەکان رۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە پاراستنی ناوچەکانیان و رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.


جێگەی باسە لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش رووی لە عێراق کرد و بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی عێراقی داگیر کرد مەسیحییەکانیش هاوشێوەی بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەکانی تری پارێزگای نەینەوا رووبەڕووی توندوتیژی و ماڵوێرانی ئاوارەبوون بوونەوە.


مەسیحییەکان یان کلد و ئاشوورییەکان جگە لە نێو شاری مووسڵ لە دەشتی نەینەوا. بە هەزاران ساڵە نیشتەجێن و وەک رۆمیۆ هەکاری ئاماژەی پێدەکات ئەوان حەز دەکەن هەر لە شوێنی رەسەنی باب و باپیرانیان جێگیر ببن و ناوچەکانی خۆیان بپاریزن.


یەکێک لەو داواکارییانەی مەسیحییەکان خستوویانەڕوو ئەوەیە لە دەشتی نەینەوا پارێزگایەکی تایبەت بەوان پێکبهێنرێت کە تیایدا پێکهاتەکانی تری وەک شەبەک و ئیزدی جێگەیان بکرێتەوە. قسەکانی سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی بەینولنەهرێن لە کاتێکدا دەخرێتە ڕوو کە مشتومڕ سەبارەت بە داهاتووی مووسڵ بەردەوامە و هێشتا بە تەواوی دیار نییە دوای رزگارکردنی مووسڵ و کۆتایی پێهێنان بە چەکدارانی داعش لە عێراق، چ چارەنووسێک چاوەڕوانی پارێزگاکە دەکات.


بەشیک لە لایەنەکان پێیان وایە مووسڵ دەبێت هاوشێوەی پێش داعش لە هەمان سنووری ئیداری پێشوویدا بمێنێتەوە و تەنانەت لە پەرلەمانی عێراقیش دەنگیان بۆی کۆ کردەوە. ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئاشوورییەکان و ئیزدییەکان و پێکهاتەکانی تری شارەکەیە، ئەوەیە دیسان هاوشێوەی رابردوو رووبەڕووی ستەم و زوڵم و زۆری بکرێنەوە و مافەکانیان بفەوتێت.


لەدوای داگیرکرانی مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێک لە ئیزدییەکان شارەکە هەڵاتن و ئەوەی مانەوە و فریا نەکەوتن رابکەن، داعش دەستی بەسەر ماڵەکانیانداگرت و ناچاری کردن شارەکەیان بەرەو کوردستان جێبهێڵن.


ئەوەی ئێستە لە نێو مووسڵدا ماوەتەوە کە ژمارەیان ملیۆنێک کەس دەبێت زۆرینەیان عەرەبی سوننەن و پێکهاتەکانی وەک ئاشووری و ئیزدی چیتر ئامادە نین لە ژێر دەسەڵاتی سوننەکاندا بمێننەوە بەڵکوو خوازیارن مافەکانیان بە شێوەیەکی سەردەمیانە بپارێزرێت و چیتر نەهامەتی و ستەمیان بەسەردا نەسەپێنرێت.


یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردوە هێرش بۆ مەبەستی رزگارکردنی مووسڵ دوابکەوێت بریتی بووە لە ناکۆکی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و دەرەوەی عێراق بۆ چۆنیەتی ئیدارەکردنی پارێزگاکە.


ترسی ئەوە لە ئارادایە لە دوای وەدەرنانی داعش لە شارەکە جۆرێک ناکۆکی و شەڕی تایفی بێتە کایەوە و قەیرانەکە لە جیاتی ئەوەی کە چارەسەر بکرێت قووڵتر ببێتەوە. ئەوەی تا ئێستا بە رێگە چارەیەکی گونجاو بینراوە ئەوەیە پێکهاتەکان لە چوارچێوەی پارێزگای جیاوازدا مافیان پێبدرێت و خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بکەن.


چارەنووسی سەدان هەزار ئاوارە کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە گرێ دراوە بە داهاتووی مووسڵەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان داڵدە دراون کە زۆرینەیان هی پارێزگای نەینەوان و بەشێکی بەرچاو لەو ئاوارانەش هی ئەو ناوچانەن کە بە سنووری مادەی ١٤٠ ناسراون.
Hawler-
Top