ئەمریكا داوای ئازادكردنی دەستبەجێی باوكو كوڕێك لە ئێران دەكات
ئەمڕۆ ئەمریكا داوای ئازادكردنی بازرگانێكی خاوەن رەگەزنامەی ئەمریكی – ئێرانیو باوكە تەمەن هەشتا ساڵانەكەی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد، كە بە تۆمەتی سیخوڕی سزای 10 ساڵ زیندانییان لەلایەن دادگای وڵاتەكەوە بەسەردا سەپێندرا.
مارك تۆنەر، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە"ئەمریكا نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لە سزادانی سیامەك نامازیو باقر نامازی بە 10 ساڵ زیندانی كردن دەكەن".
ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران هەواڵی سەپاندنی سزای 10 ساڵ زیندانییان بەسەر سیامەك نامازیو باقر نامازیی باوكیدا بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەكرد بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئەمریكا سزاكەیان ئاڕاستەكراوە.
"دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ داواكارییەكانی ئەمدواییەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان، بۆ ئازادكردنی راستەوخۆی تەواوی ئەو هاوڵاتییە ئەمریكیانەی بە ناڕەوا لە ئێران دەستبەسەركراون، لە نێویاندا سیامەك و باقر نامازی، تاوەكو بتوانن بگەڕێنەوە لای خێزانەكانیان" وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وای وت.
Xandan-
