مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: هێزەکانمان لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەدا دەبن

 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: هێزەکانمان لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەدا دەبن
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، هێزەکانی یەکێتی لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 18\10\2016 لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتییەوە بەناوی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە بڵاو کراوەتەوە، وێڕای پیرۆزباییکردن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە سەرکەوتووانە ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێ دووشەممەی میحوەری خازریان ئەنجام دا. ئاماژە بەوە دراوە: “یەکێتی بەم سەرکەوتنانە سەربەرزە و ئومێدەواریشە دوای تێکشکاندنی داعش، دوور لە فشار و دەست تێوەردانی ئیقلیمی، بەرنامەی ئاوەدانی و حوكمڕانیی مووسڵ و تەواوی ناوچە ئازادكراوەكان، بەپێی ڕێکكەوتنی سیاسی و خزمەتگوزاری و لەسەر بنەمای پێكهاتەی ڕەسەنی ناوچەكان و جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور، وەكو خۆی، دووریش لە هەر چەشنە فشارێكی سیاسی و تایفی و میلیشیایی، بكرێتە بەرنامەی هاوبەشی هەموولایەك. بەتایبەتی، پارێزگای موسڵ، هەڵكەوتەكەی، دانیشتووانەكەی، پێكهاتە و هاوكێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكەی، پێویستی بە پڕۆژە و بەرنامەی سازانی نیشتمانیی بەرپرسانەیە كە دەرگا لەسەر رق و كینە پەنگخواردووەكان دابخات و حوكمڕانی و ژیان و گوزەرانی نوێش بهێنێتە ئاراوە”.

هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەواوی فەرماندە و هێزی یەکێتی، “لەژێر چەتری فەرماندەی گشتی” و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی فەرماندەیی پێشمەرگەی کوردستاندا، تاكتیك و ستراتیژی عەسكەری ڕادەپەڕێنن. دەشڵێت: “لێكدانەوەی لابەلا و قسەڵۆكی ئەم و ئەویش، لە كەسان و ڕاگەیاندنەكان، دوورونزیك پەیوەندی بە سیاسەتی یەكێتی لەبواری پێشمەرگەدا نەبووە و نییە”.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە میحوەری خازر ئەنجامی دا، ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەی دوێنێ دووشەممە 17\10\2016دا، 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە داعش پاک کراوەتەوە.










باسنيوز
Top