نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری UNHCR دۆخی ئاوارەكانیان تاوتوێ کرد

 نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری UNHCR دۆخی ئاوارەكانیان تاوتوێ کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بازرانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمیسیاری باڵای نوێی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR لە عێراق کۆ بووەوە.



لە دیدارەکەدا باسی ڕەوشی ئاوارەکانی مووسڵ و هەماهەنگی و هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکان، هەروەها یارمەتییە نیودەڵەتییەکان بۆ ئاوارەکانی مووسڵ خرانە بەرباس و تاوتوێ کران.



دەقی ناوەرۆکی دیدارەکە:



سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە فلیپۆ گراندی، كۆمیسیاری باڵای نوێی كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR و شاندێكی یاوەری كرد.



لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەی بوو، گراندی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی لەسەر شانیانە، توانیویانە پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكارییان پێشكەش بكەن و ئەم كارەی حكوومەتی هەرێمی بە جێگەی ڕێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانی.



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستان كرد كە چاوەڕوان دەكرێت بەهۆیەوە ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. سوپاسی حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە چەندین شوێنی بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانە ئامادە كردووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانن پێداویستییەكانی ئاوارەكان دابین بكەن.



هاوکات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەى كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز گراندی خواست لە ئەركە نوێكەیدا كە هەر لە نەوەدەكانەوە لە هەرێمی كوردستان بووە و شارەزاییەكی باشی دەربارەی هەرێمی كوردستان هەیە و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ كار و ئەركەكانی خۆی و UNHCR دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیی ئاواره‌كان، چونكە ئەوەی ئێستا لە توانای هەرێمی كوردستان دایە ئەوەیە شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكات و بەهۆی ئەو بارە قورسەی ڕووبەڕووی بۆتەوە؛ ناتوانێت وەك پێویست هاوكارییان پێشكەش بكات.



هەروەها باسی لە ڕەوشی ناوەچەكە و دوا پێشوەچوونەكانی ئۆپه‌راسیۆنى ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش كرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە پلانێكی سیاسی و ئابووریی تۆكمە بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی شارەكە بە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان دابڕێژرێت بەتایبەتی لە ڕووى ئاسایش و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوە و مرۆییەوە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ژیان و ماڵ و ئاسایشیان پارێزراو بێت.



تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.







باسنیوز
Top