د.دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تێڕوانینی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە رەوشی ئێزیدییەکان دەکات

  د.دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تێڕوانینی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە رەوشی ئێزیدییەکان دەکات
لین مەعلوف، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەیروتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رەخنە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێت بەوەی کە کەمتەرخەم بوونە لە هاوکاری کردنی ئەو ئێزیدیانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون.


لین مەعلوف، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەیروتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە دواین لێدوانیدا لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٨ رزگاربووی ژێر دەستی داعش کە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاوی کردەوە، رەخنە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێت بەوەی کە کەمتەرخەم بوونە لە هاوکاری کردنی ئەو ئێزیدیانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون و داوا دەکات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردانەوەی جددی تری هەبێت بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیەنێتە رزگاربووانی ژێردەستی داعش، چوونکە ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە دژ بە کچان و ئافرەتانی ئێزیدی ئەنجامدراوە تاوانی جەنگە و هیچ پاساوێکی بۆ نییە، ئەگەر ئەوانیش هاوکار نەبن، ئەوە ژمارەیەکی زیاتری ئەو رزگاربووانە بەردەوام دەبن لە ئازار چەشتن بەهۆی ئەو رەوشەی تێیکەوتوون.


لەلای خۆیەوە حکومەتی هەرێم کوردستان بە گەرمی پێشوازی لەم راپۆرتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەکات و پێی وایە نوسینی راپۆرتی لەم چەشنە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوکاری زیاتری ئەو ئێزیدیانە بکەن کە بەهۆی هاتنی داعش بۆ ناوچەکەیان بوونەتە قوربانی، ئەمە لە کاتێکدایە لە رابردوودا حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی پاڵپشتی خۆی بۆ ئێزیدییەکان دووپاتکردووەتەوە و بەگوێرەی توانا هاوکاری کردوون بەڵام بۆ تێپەراندنی ئەم رەوشە لەلایەن ئێزیدییەکانەوە هاوکاری زیاتری نێودەوڵەتی پێویستە.


د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان رایگەیاند بە گوێرەی دواین ئامارەکان کە لە دامودەزگا حکومییەکانەوە دەستکەوتووە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی شنگال و زوممار بە سەدان هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارەو و دەربەدەر بوون و تا ئێستا نزیکەی 360 هەزار هاوڵاتی ئێزیدی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و 1293 هاوڵاتی ئێزیدیش شەهید بوون. لە ئەنجامی ئەو هێرشیانەش کە بۆ سەر ئێزیدیەکان کراوە 1759 منداڵ بێ باوک، 407 منداڵ بێ دایک و و 359 منداڵ بێ دایک و باوک ماونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە 220 منداڵیش دایک و باوکیان لە ژێر دەستی تیرۆرستانی داعش دایە.


زێباری ئەوەشی راگەیاند کە تا ئێستا 30 گۆری بە کۆمەڵ و دەیان گۆری تاک تاک دۆزراونەتەوە و 44 مەزار و شوێنی ئاینی ئێزیدییەکان تەقێندراونەتەوە، هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتری ئێزیدییەکان بکات بۆ ئەوەی ئەم رەوشە تێپەڕێنن، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ژێر دەستی داعش بوون و ئێستا رزگاریان بووە و لە رەوشێکی دەروونی خراپدا دەژین.


لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاشکرای کرد لەسەرەتای هاتنی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری 6413 هاوڵاتی ئێزیدی کە 3543 یان ئافرەت و 2870 پیاو رفێندران و لەو کاتەوە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئازادکرانی ئەو رفێندراوانە و توانیویانە کە 2678 هاوڵاتی ئێزیدی رزگار بکەن.


لە کۆتایدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی کە لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە و ژمارەیان 3735 کەسە.
Hawler-
Top