لە دوو رۆژدا 600 کەس خۆیان گەیاندە دەستی پێشمەرگە
رۆژی شەممە و یەکشەممەی 600 کەس لە سنووری موسڵەوە هەڵاتبوون و گەیشتنە کەمپی دیبەگە لە هەولێر، لە ماوەی 3مانگدا زیاتر لە 900 خێزانی ژێردەستی داعش خۆیان گەیاندوەتە ناوچەکانی ژێردەستی پێشمەرگە ، بەوپێیەی کامپی دیبەگە لە سنووری موسڵەوە نزیکە لەوێ نیشتەجێکراوون.
سەرۆکی هۆزی سەبعاوی، لە پارێزگای نەینەوا بۆ رووداو گوتی" ئەگەر شوێنێک هەبێت بۆ لەباوەشگرتنی ئێمە هەرێمی کوردستانە، ئەوە بەڵگەیە کە رەوشتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وایانکردن کە ئێمە هانا بۆ ئێرە بێنین و رابکەین لە داعشی تیرۆریست، سوپاس بۆخوا کە سەلامەتن و هیوادارن دەست بەژیان و تەمەنێکی نوێبکەن".
لە ماوەی سێ مانگی رابردوو زیاتر لە 900 خێزان کە ژمارەیان نزیکەی 5 هەزار کەس دەبێت لە باشوور و رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا خۆیان گەیاندۆتە ئەو سنوورانەی ئاڵای کوردستانی لێهەڵکراوە، وەرزی گەرما هاتووە رۆژانەش کەمپی دیبەگە ئاوارەی بۆدێت، بۆیە ئەو لایەنانەی سەرپەرشتی ژیانی ئاوارەکان دەکەن داوای هاوکاری بەپەلە دەکەن .
رزگار، بەرپرسی کەمپی دیبەگە، دەڵێت "ئێمە وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی کە ئیدارەی کەمپی دیبەگە دەکەین، لەگەڵ رێکخراوی پەنابەرانی نیودەوڵەتی مانگی سووری ئیماراتی و عێراقی، رێکخراوی NRC ، ئەوانە هەموو پێداویستی ئاوارەکان دابیندەکەین، رۆژ دوای رۆژ ژمارەی ئاوارەکان روو لە زیادبوونە، بۆیە پێویستیمان بە هاوکاری زیاتر هەیە".
ئەوانەی رایانکردووە، نزیکەی 2 ساڵە لە ژێر یاساکانی داعش ژیاون، بەڵام ئیستا ئەو ژیانەیان رەتکردۆتەوە کە بە دۆزەخ و مەترسیدار وێنای دەکەن ، رۆژانەش راکردن بەردەوامە.
رووداو
