دەست لەکار کێشانەوەی کادیران کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش دەگرێتەوە
عەبدولخالق سیامەند خۆشناو، ئهندامی مەڵبەندی 3ی هەولێر و ئەندامی دوایین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”بۆ هەموو هاوڕێ و دۆستان و خۆشەویستان بە گشتی، لێرەوە ڕای دەگەیەنم کە پەیوەندیم بە کۆمەڵی ئیسلامییەوە نەماوە“.
سیامەند خۆشناو ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دانانی وەزیرەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە میکانیزمێک بووە کە ئەوان بە باشیان نەزانیوە و پەسەندیان نەکردووە، چونکە: ”پێمانوایە کە ئەو شێوازە گەڕانەوەیە بۆ دواوە“.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولخالق سیامەند خۆشناو لە کاتێکدا دێت کە لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و کادیرە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. جگە لەوەی لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا، بە هۆی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی، ناڕەزایی ئاشکرا بەرز بووەتەوە و هەندێک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەش، لە نێویاندا (مەلا بەختیار و ئازاد جوندیانی، نیگەرانن.
