هێزێكی كوردی دژایه‌تیكردنی په‌كه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند؛ چالاكوانێك: ده‌رده‌كه‌وێ بۆ چ دروست بوون

 هێزێكی كوردی دژایه‌تیكردنی په‌كه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند؛ چالاكوانێك: ده‌رده‌كه‌وێ بۆ چ دروست بوون
له‌ رۆژئاوای كوردستان هێزێكی نوێی چه‌كدار خۆی راگه‌یاند و له‌ په‌یامێكیدا ئامانجی خۆیان ئاشكرا كرد، كه‌ شه‌ڕكردنه‌ دژی رژێمی سووریا و پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ و پاشكۆكانی وه‌ك په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌، چالاكوانێكی رۆژئاوای كوردستانیش ده‌ڵێ، هێزه‌كه‌ كوردن، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ بۆچی دروست بوون و كێ پشتگیرییان ده‌كات.

(یه‌ڵماس سه‌عید) جێگری سكرتێری ته‌ڤگه‌ری جوانانی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌ رۆژئاوای كوردستان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ خۆیان راگه‌یاندووه‌ و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رژێمی (ئه‌سه‌د) و چه‌كدارانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ی كورد شه‌ڕ له‌گه‌ل رژێمی سووریا و له‌ هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌.''

له‌باره‌ی شوناسی هێزه‌كه‌ و پاڵپشتییانه‌وه‌ (یه‌ڵماس سه‌عید) گوتی "پێده‌چێ چه‌ند كه‌سێكی خۆبه‌خش بن كه‌ ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ شۆڕشگێرانی كورد. هه‌ڵه‌بته‌ له‌ شاری عه‌فرین شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان ئه‌و گرووپه‌ و چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌دا دروست بووه‌، به‌ڵام هێشتا ورده‌كاریی دروستبوونی و پاڵپشتیی هێزه‌كه‌ی دیار نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌زانین كوردن و ئامانجی خۆیشیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ دژی په‌كه‌كه‌ و (ئه‌سه‌د)ن.''
Top