مەسرور بارزانی و شاندێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆدەبنەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 31ـی ئایاری 2016، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەن لەگەڵ شاندێکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووری بە سەرۆکایەتیی ئەنەس عەبدە، سەرۆکی ئیئتیلافەکە و شاندێکی یاوەری، کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنەس عەبدە سوپاسی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە ”لەبەرامبەر حەواندنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان بە ئاوارەکانی سووریا“.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باسی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی سووریایان کردووە و ”ھەموو جۆرە تاکڕەوی و پاوانخوازییەک“ رەتکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانی و ئەنەس عەبدە بە پێویستیان زانیوە ”ھەموو لایەنەکان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بەدیھێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ سووریا و ناوچەکە رۆڵ و پێگەی خۆیان ھەبێت“.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا پشتگیریی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەکانی کوردستانی رۆژئاوا بۆ سەر خاکی خۆیان و بەشداریکردن لە شەڕی داعش لەو پارچەیەی کوردستان و گەڕانەوەکەشیان بە ”پێویست و گرنگ“ داناوە و رۆڵی ئەنجومەنی نیشتیمانی نکورد سووریا (ئەنەکەسە) ”وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی و نوێنەری گەلی کورد لە ئیئتلافی نیشتمانی بەرز نرخێندرا“.
بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا دروست بووە، زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتیی کوردستانی رۆژئاوا و سووریا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
زیاتر لە سێ هەزار گەنجی کوردستانی رۆژئاوا، کە ئاوارەی کوردستانی باشوور بوون، هێزێکی سەربازییان دروست کردووە و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش مەشقی سەربازی پێکردوون و پێداویستییەکانی بۆ دابین کردوون.
لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، ئەو پێشمەرگانەی کوردستانی رۆژئاوا شان بەشانی پێشمەرگەی باشوور، بەشدارییان لە شەڕی دژی داعش کردووە.
باسنيوز
