هەولێر بە تابلۆی شوان و نەورۆز مەریوانیان ڕازاندەوە

هەولێر بە تابلۆی شوان و نەورۆز مەریوانیان ڕازاندەوە
تیپی کەلەپوور و هونەرە میللییەکانی هەولێر، بەشداریی لە فێستیڤاڵی هونەرە میلییەکانی مەریوان کرد.

دوای بانگهێشت کردنیان لەلایەن بەرپرسانی فێستیڤاڵەوە، تیپی کەلەپوور و هونەرە میللییەکانی هەولێر بەشداری لە پێنجەمین فێستیڤاڵی مەریواندا کرد.

زانیاری بەرزنجی، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەو بارەیەوە ڕاگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ .٥ بە ئامادەبوونی ژمارەییەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکە و گەشتیاران، لە ناوچەی گەشتیاریی زرێباری مەریوان، بە بڕگەکانی هەڵپەرکێ و یارییە کوردەوارییەکان و ڕاکێشانی گوریس و زۆرانبازی، فێستیڤاڵەکە دەستی بە کارەکانی کرد."

زانیار بەرزنجی، ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد کە لە باشووری کوردستان، هەریەکە لە گرووپەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە، لە ئێرانیش هەریەکە لە گرووپەکانی داوەران و ئەردەبیل و هەمەدان و گوڵستان و خووزستان و لوڕستان و سنە و سەقز و مەریوان، بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردبوو."

بەرزنجی گوتیشی "کە گرووپەکەی ئەوان لە ڕۆژی یەکەم بە نمایشکردنی تابلۆی شوان سەرنجی ئامادەبوانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. لە ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەشدا تیپی کەلەپوور و هونەرە میلییەکانی هەولێر بە نمایشکردنی تابلۆی (نەزرۆز) جارێکی تر دڵی ئامادەبوانیان خۆش کرد و خەندە و خۆشییان خستە سەر لێوانیان."

لەدوا بڕگەکانی فێستیڤاڵەکە، دیاری و خەڵات بەسەر تیپە سەرکەوتووەکاندا دابەش کرا.

هاوکات سەلیم گەردی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، خەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشکەش بە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە کرد.

لە گوتەیەکیشیدا سەلیم گەردی هیوای خواست لە داهاتوودا زیاتر بایەخ بە فێستیڤاڵی لەو جۆرە بدرێت.










باسنیوز


Top